کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل هێرشی هەوایی کردەسەر پایگای "تی فۆڕ" لە سووریە

13:11 - 13 خەرمانان 2720

پایگای "تی فۆڕ" (T4)لە پارێزگای حومسی سووریە کە ئەنباری مووشەک و چەکوچۆڵە پێشکەوتووەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی تێدایە، لەلایەن ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانجی هێرشی هەوایی.

ماڵپەڕەکانی ڕێژیمی سووریە بڵاویان کردووەتەوە ئەو هێرشەی ئیسرائیل هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.

هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیمی سووریە بڵاویان کردبووە لە ئاکامی ئەم هێرشەی ئیسرائیل بۆ سەر ئەنبارێکی چەکوچۆڵ لە باشووری دەمیشق دوو سەرباز کوژراون و حەوت سەربازی دیکە بریندار بوونە.

چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە لە زاری سەرچاوەی ئاگادارەوە ڕایگەیاندبوو لە ئاکامی هێرشی ئیسرائیل بۆ باشووری سووریە، پێنج میلیشیای سەر بە ڕێژیمی ئێران کوژراون کە سێ کەسیان خەڵکی سووریە بوونە.

هەندێک سەرچاوە باسیان لەوە کردووە کە پاسداری تێرۆریست "ئیسماعیل قائانی" فەرماندەی هێزی قودسی سپای تێرۆریستی پاسداران لەو هێرشەدا بریندار بووە یان کوژراوە.

هاوکات "مایکێڵ پریجێنت" کارشناسی باڵا لە دامەزراوەی "هادسۆن" لە تویتێکدا نووسیویەتی: "کێ جێگای قائانی دەگرێتەوە؟" ئەوەش بەو مانایە کە قائانی لەو هێرشەدا کوژراوە بەڵام هەتا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لەوبارەوە بڵاو نەکراوەتەوە و چارەنووسی ئەو پاسدارە تێرۆریستە ناڕوونە.

پایگای "تی فۆڕ" یان "تیاس" لە نزیکی گوندێکە بەناوی تیاس و لە ڕۆژهەڵاتی "پاڵمیرا"یه و گەورەترین پایگای هەواییە لە سووریەدا.