کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل هێرشی کردە سەر میلیشیا چەکدارەکان لە سووریە

12:04 - 13 گەلاوێژ 2720

ئەرتشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، شەوی یەکشەممە ١٢ی گەلاوێژ، لە هێرشێکدا چەندین میلیشای چەکداریان لە سنووری نێوان ئیسرائیل و سووریە کە لە حاڵی دانانی ماددەی تەقەمەنی بوون، کردووەتە ئامانج.

ئەرتشی ئیسرائیل جەختی کردووەتەوە: ''ئێمە بۆ هەر سێناریۆیەک ئامادەیەن و ڕێژیمی سووریە بە بەرپرسی هەموو ئەو ڕووداوانە دەزانین".

لە ڕوونکردنەوەی ئەرتشی ئیسرائیلدا هاتووە کە ئەم گرووپەیان لە حاڵی دانانی ماددەی تەقەمەنی لە نزیک پاسگایەکی سنووری دیتووە و بە پشتیوانیی هێزی هەوایی تەقەیان لێ کراوە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، دوای ئەوەیکە لە ئاکامی هێرشی هەوایی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەی میلیشیا چەکدارەکان لە باشووری دیمەشق کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت، یەکێک لە ئەندامانی حیزبوڵڵای لوبنان کوژرا و گرژییەکان لە سنوورەکانی ئیسرائیل لەگەڵ سووریە و لوبنان پەرەی سەندووە.

ئیسرائیل لە ماوەی حەوتووەکانی ڕابروودا وێڕای جێگیرکردنی زیاتری هێزەکانی خۆی لە سنووری لوبنان و سووریە، ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی سووریە بەرپرسی ئەم هێرشانەیە و بە هیچ شێوەیەک پێشێلکردنی سەروەریی ئیسرائیل قەبووڵ ناکات.