کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ناوەندی لێکۆڵینەوەی مووشەکیی ئێران و سووریە

13:19 - 16 بانەمەڕ 2720

ئیسرائیل بە ١٢ مووشەک هێرشی کردە سەر ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی مووشەکیی ئێران و سووریە لە شاری "حەلەب".

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بانەمەڕ، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل هێرشێکی بەرینیان کردە سەر ناوەندی لێکۆڵینەوەی مووشەکیی ئێران و سووریە.

لەو هێرشەدا، ئیسرائیل ١٢ مووشەکی هاویشتووەتە سەر ئەو ناوەندە کە ٥ لەو مووشەکانە ئامانجەکەیان پێکاوە و لەنێویان بردووە.

هەروەها چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە جەختی کردووەتەوە کە "بنکەکانی هێزەکانی ڕێژیمی سووریە و میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران و لقی ٢٤٧ و کارگای بەرەنگاری لە ئەلسەفیرە" لە ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب کراوەتە ئامانج و جبەخانەکانی ئەو ناوەندە لەنێو براوە.

لە زیانەکانی ئەو هێرشە تا ئێستا هیچ زانیارییەک بڵاو نەکراوەتەوە.

چاوەدێری مافی مرۆڤ لە سووریە هەروەها ڕایگەیاندووە کە هاوکات لەگەڵ فڕینی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل بەسەر ئەو ناوچەیەدا، دەنگی ٣ تەقینەوەی گەورە لە "دەشتی ئەلمەیادین" لە دەوروبەری شاری "دەیرئەلزوور" بیستراوە کە بنکەکانی نیشتەجێبوونی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئیرانە و هێرشیان کراوەتە سەر.