کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل هێرشی کردە سەر چەندین بنکەی نیزامیی ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا

17:28 - 12 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: بەهۆی هاویشتنی مووشەک لە سووریەوە بۆ خاکی ئیسرائیل، ئەو وڵاتە لە کاردانەوەدا هێرشی کردە سەر باشووری سووریە.

میدیاکانی ڕیژیمی سووریە باس لەوە دەکەن کە بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر چەند ناوچەیەکی باشووری سووریە، سێ سەربازی ئەرتشی ئەو وڵاتە کوژراون و حەوت سەربازی دیکەش بریندار بوون.

هەواڵدەریی ڕێژیمی سووریە لە زاری بەرپرسێکی نیزامیی ئەو وڵاتەوە وتوویەتی: "ئەو هێرشانە چەندین بنکەی نیزامیی  لە ناوچەی ''قەنیترە'' لە باشووری سووریە، لە نزیک سنووری ئیسرائیل، کردووەتە ئامانج."

وتەبیژی ئەرتشی ئیسرائیل لە تویتێری خۆیدا، ئەو هێرشانەی پشتڕاست کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە: "ئەو هێرشانە لە کاردانەوەی هاویشتنی دوو مووشەک لە سووریەوە بۆ خاکی ئیسرائیل ئەنجام دراون."

وتەبیژی ئەرتشی ئیسرائیل هەروەها وتوویەتی کە چەند بنکەی نیزامی، یەک لەوان تۆپخانە و چەند پۆستی نیگابانی و ئیتلاعاتی و یەکەیەکی پەدافەندی هەوایی "ئێس ئەی ٢"یان لە خاکی سووریەدا کردووەتە ئامانجی هێرشەکانیان.

ڕێکخراوی دیدەبانیی مافی مرۆڤی سووریە لەم بارەوە ڕایگەیاندووە کە فڕۆکەکانی ئەرتشی ئیسرائیل، هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکان و ئەنبارە چەک و چۆڵەکانی هێزە تێرۆریستەکانی ڕیژیمی ئێران و حیزبوڵڵا و تا ئێستا لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە هیچ کاردانەوەیەک نیشان نەدراوە.

دەوڵەتی ئیسرائیل جەختی کردووەتەوە کە ئیزن بە ڕێژیمی ئێران نادات لە نزیک سنوورەکانیدا، بنکەی نیزامی دامەزرێنێت و ئەمنیەتی ئەو وڵاتە تووشی مەترسی بکات و داوای کردووە کە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران و دارودەستەکەی لە سووریە بچنە دەرەوە.