کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل هێرشی کردە سەر چەندین بنکەی نیزامیی ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا

11:51 - 13 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: میدیاکانی ڕێژیمی سووریە ڕایانگەیاند: کە ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر بنکەیەکی هەوایی لە "حۆمسـ"ـدا.

ڕێکخراوی چاوەدێریی مافی مرۆڤی سووریە ئەم هێرشانەی پشتڕاست کردووە و لەم بارەوە ڕایگەیاندووە،  ئەم بنکە هەوایییە چەکوچۆڵ و کەرەستەی نیزامیی هێزە تێرۆریستەکانی ڕیژیمی ئێرانیشی تێدایە.

هێشتا وردەکارییەکان لەسەر ئەم هێرشە بڵاو نەبووەتەوە، بەڵام ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، کە ئەنبارێکی چەکوچۆڵ و هەندێک لە بیناکانی ئەم پایگایە، خەساریان بەرکەوتووە.

میدیاکانی سەربە ڕێژیمی سووریەش ڕایانگەیاندووە، کە لەم هێرشەدا دوو کەس کوژراون و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.

هەر لەم بارەوە ڕێکخراوی چاوەدێریی مافی مرۆڤی سووریە، کە بنکەکەی لە "لەندەنـ"ـدایە، ڕاگەیاندووە: "لەم هێرشەدا، لانیکەم پێنج کەس کوژراون کە لەو پێنج کەسە، لانیکەم یەکێکیان سەربازی ڕێژیمی سووریەیە".

ئەم ڕێکخراوە وتوویەتی: "هێرشەکان، ئەنبارێکی مووشەکیی وێران کردووە و هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران، لەم بنکەیەدا حوزووریان هەیە".

دەوڵەتی ئیسرائیل جەختی کردووەتەوە، بە ڕێژیمی ئێران ئیزن نادات کە لە سووریە و لە نزیک سنوورەکانی ئیسرائیلدا، بنکەی نیزامی دامەزرێنێت و ئەمنیەتی ئەو وڵاتە تووشی مەترسی بکات و داوای کردووە کە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران و میلیشیاکانی لە سووریەدا بچنە دەرەوە.