کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل هێرشی کردەوە سەر سووریە

11:08 - 9 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: لە هێرشێکی تری هێزەکانی سپای ئیسرائیلدا بۆ سەر سووریە، ۷ تێرۆریستی ڕێژیمی ئێران کوژراون.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە، سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێجشەممە۸ ی خاکەلێوە، هێزەکانی سپای ئیسرائیل جارێکی تر هێرشێکی ئاسمانییان کردووەتە سەر مۆڵگە و حەشارگەکانی هێزەکانی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئیسلامیی ئێران لە دەروبەری فڕۆکەخانەی شاری "حەلەب"، لە باکووری وڵاتی سووریە و چەندین مۆڵگەی هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانیان وێران کردووە.

هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد، لەمبارەیەوە بە هەواڵدەریی "ڕویتێرز"ـیان ڕاگەیاندووە: هێرەشە ئاسمانییەکانی هێزەکانی سپای ئیسرائیل، کۆگایەکی گەورەی چەک و تەقەمەنی هێزەکانی لقی قودسی سپای تێرۆریستی پاسداران و مۆڵگەیەکی ناوەندی ستراتێژیکی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێرانیان کردووەتە ئامانجی مووشەکەکانی خۆیان و خاپوور کراون.

لەم پێوەندییەدا چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە کە بنکەکەی لە شاری لەندنی پێتەختی وڵاتی بریتانیایە، ئاشکرای کرد؛ کە لە ئاکامی هێرشە ئاسمانییەکانی سپای ئیسرائیل بۆ سەر بنکەی ڕێکخراوە تێرۆریسییەکانی ڕێژیمی ئێران لە دەروبەری فڕۆکەخانەی شاری حەلەب لە باکووری سووریەدا،۷ تێرۆریستی هێزەکانی لقی قودسی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران کوژراون.

سپای ڕێژیمی بەشار ئەسەد لە بەیانییەیەکی چەواشەکارانەدا لە سەر ئەو هێرشانەی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە: "سیستەمی بەرگریی ئاسمانی هێزەکانی ئێمە، ڕووبەڕووی دەستدرێژییە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل له هێندێک بنکە لە ناوچەی پیشەسازیی شێخ نەجاڕ کە لە باکووری شاری حەلەب هەڵکەوتووە، بووەتەوە و ژمارەیەک لە مووشکەکان بەرلەوەی ئامانجەکانیان بپێکن، تێکشکێندراون. بەگشتی ئەو هێرشانە هیچ زیانێکی گیانیان نەبووە و تەنیا بڕێک زیانی مادی لێکەوتووەتەوە".

هێزەکانی سپای ئیسرائیل لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بە چڕی هێرشیان کردووەتە سەر سووریە و زیاتر لە۲۲٠  هێرشی ئاسمانیان بۆ سەر هێز و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتەدا ئەنجام داوە کە لە ئاکامدا ژمارەیەکی زۆر لە هێزی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی ئەو ڕێژیمە کوژراون.