کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل، هێرشی کردەوە سەر مۆڵگەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا

11:42 - 28 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: هێزەکانی سپای نیشتمانیی ئیسرائیل، جارێکی تر هێرشیان کردەوە سەر مۆڵگە و حەشارگەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا.

سەرلەئێوارەی ڕۆژی هەینی، ۲۷ی بانەمەڕ، هێزەکانی سپای نیشتمانیی ئیسرائیل، لە درێژەی هێرشەکانیاندا بۆ سەر گرووپ و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئیسلامیی ئێران لە سووریە، جارێکی تر مۆڵگە و حەشارگەکانی هێزە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێرانیان لەو وڵاتەدا کردەوە ئامانجی مووشەکەکانی خۆیان.

لەم بارەیەوە، هەواڵدەریی "سانا"، سەربە ڕێژیمی "بەشار ئەسەد" ڕایگەیاندووە کە هێرشە مووشەکییەکانی ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی "قەنیتەرە" ئەنجام دراوە، کە پێکهاتەی بەرگریی سووریە، چەندین مووشەکی تێکشکاندووە و چەندین مووشەکیش لە ناوچەکانی سووریە، ئامانجەکانی خۆیان پێکاوە.

لەم پەیوەندییەدا، لایەنە ئۆپۆزیسۆنەکانی سووریە ڕایانگەیاندووە کە هێرشە مووشەکییەکانی هێزەکانی سپای ئیسرائیل، چەند کۆگایەکی چەک و تەقەمەنیی هێزەکانی سپای تێرۆریستی قودس و حیزبوڵڵای لوبنانیان لە ناوچەی "ئەلکەسوە" کردووەتە ئامانجی خۆیان، کە لە ئاکامدا خاپوور و وێران کراون، بەڵام هێشتا هیچ ئامارێک لەسەر زیانە گیانی و سەربازییەکانی ئەو هێرشە ڕانەگەیەندراوە.

جێگای ئاماژەیە کە پاش گرژتربوونی ئاڵۆزییەکانی نێوان ڕێژیمی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و هەڕەشەکانی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران لەسەر هێرشکردنە سەر وڵاتی ئیسرائیل، ئەمە یەکەمین هێرشی هێزەکانی سپای ئیسرائیلە بۆ سەر گرووپە تێرۆریستییەکانی ڕێژیم لە سووریەدا.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، سپای نیشتمانیی ئیسرائیل، زیاتر لە ۲۲۰ جار هێرشی کردووەتە سەر بەرژەوەندیی گرووپ و ڕێکخراوەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە و بەتایبەت هێزەکانی لقی قودسی سپای تێرۆریستی پاسداران، بەڵام تاکوو ئێستا بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، وەکوو سیاسەتی ترسنۆکانەی هەمیشەیی ڕێژیم، بێدەنگییان هەڵبژاردووە.