کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: هێرشەکانمان بۆ سەر بنکەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی درێژە پێ دەدەین

12:57 - 29 بانەمەڕ 2721

دەوڵەتی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە بەرقی لێواری غەزە دەپچڕێنێت و هێرشەکانی بۆ سەر بنکەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی درێژە پێ دەدات.

''بنیامین نێتانیاهوو'' سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هۆشداریی داوە کە لە وڵامی ئەو مووشەکانەی کە لە غەزەوە بەرەو ئیسرائیل دەهاوێژرێن، ئیسرائیل هێرشەکانی خۆی دژی توندڕەوەکان درێژە پێ دەدات.

ناوبراو وتوویەتی کە زەبرلێدانی ئەرتشی ئیسرائیل لە حەماس لە ماوەی ئەو ڕۆژانەدا، بە شێوەیەکی قورس بووە کە ئەوان چاوەڕوانییان نەدەکرد.

 شەڕی نێوان ئیسرائیل و غەزە دەهەمین ڕۆژی خۆی تێدەپەڕێنێت و ڕێبەرانی وڵاتانی جیهان و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان لە هەوڵی جیددیدان کە ئاگربەست ڕابگەیەندرێت.

''لوید ئۆستۆن'' وەزیری بەرگریی ئامریکا لە پێوەندی لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەی خۆی لەسەر پێویستیی ڕاگرتنی هەوڵە توندوتیژییەکان جەختی کردەوە و بەنیسبەت کوژرانی کەسانی بێتاوان لە ئیسرائیل و فەلەستین بەداخبوونی خۆی دەربڕی.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندە تەندروستییەکان لە لێواری غەزە، لانیکەم ٢١٥ کەس کوژراون، هەروەها لە ئیسرائیل ١٢ کەس کوژراون.

سەرەڕای هەموو هەوڵە نێونەتەوەییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران پشتیوانیی هەمەلایەنەی خۆی لە گرووپە ئیسلامییەکانی فەلەستین بۆ درێژەدانی شەڕ دژی ئیسرائیل دەربڕیوە.