کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل هێرشەکانی خۆی بۆ سەر دامەزراوە نیزامییەکانی ئێران لە سووریە پەرە پێ دەدات

12:37 - 3 بانەمەڕ 2721

هەواڵدەریی "ڕویتێرز" لە زاری بەرپرسانی ئەمنییەتیی ئیسرائیل باسی لەوە کرد کە ئیسرائیل لە زنجیرە هێرشێکدا بەشێکی زۆری لە گرینگترین دامەزراوە نیزامییەکانی ژێرزەوینیی ڕێژیمی ئێران لە سووریە، یەک لەوان پایگای ''ئیمام عەلی'' لەنێو بردووە.

بەرپرسانی ئیسرائیلی وتوویانە:" ئەگەر هێرشمان بۆ سەر دامەزراوە نیزامییەکانی ئێران نەکردبا، ئەم وڵاتە لە نزیک سنوورەکان خاوەنی پایگای نیزامی دەبوو''.

هەواڵدەریی "ڕویتێرز" هەروەها لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلی وتوویەتی، ئیسرائیل حەزی لە زەربەلێدان لە هەموو دامەزراوەکان لە سووریە نییە، مەگەر ئەوەیکە گاریگەرییەکی ستراتیژیکی هەبێت.

هێندێک لە سەرچاوە ئیتلاعاتیەکانی ڕۆژاوایی بە ''ڕویتێرز''یان وتووە ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی خۆی بۆسەر ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک و چەکوچۆلی سەر بە سپای پاسدارن لە سووریە پەرە پێداوە.

ئەو هەواڵدەرییە لە زاری سەرچاوە ئیتلاعاتییەکانی ئیسرائیل وتوویەتی ئێران لە هەوڵدایە هەتا بە ڕاگواستنی مووشەک و چەکوچۆلی خۆی بۆ سەر ئەو دامەزراوانەی کە پێشتر لە ژێر زەوی دروست کراون، جبەخانەیەک لە نزیکی سنوورەکانی ئیسرائیل دروست بکات.