کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل هەڕەشەی هێرشی بەرانبەری بۆ سەر ئێران کرد

17:15 - 2 بەفرانبار 2720

سەرۆکی ستادی ئەرتشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە ئەگەر ئێران یان هێزە میلیشیاکانی هەوڵێک دژ بە ئیسرائیل بدەن، بە شێوەیەکی بەهێز هێرش دەکەنە سەریان.

"ئاڤیڤ کۆخاوی" سەرۆکی ستادی ئەرتشی ئیسرائیل بە ئاماژەدان بەوەی کە لەم دواییانەدا هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل زۆرتر بووەتەوە، ڕایگەیاندووە کە ئەگەر ڕێژیمی ئێران و گرووپە زیدەڕۆکانی دژ بە ئیسرائیل یان ئامانجێکی ئیسرائیلی هەوڵێک بدەن، دەبێ "نرخێکی قورس" بدەن و "ئەرتشی ئیسرائیل بە شێوەیەکی بەهێز هێرش دەکاتە سەریان".

"کۆخاوی" هەروەها وتوویەتی: "من ئەمە بە ڕوونی دەڵێم و دۆخ بەو جۆرەی کە هەیە باس دەکەم، هەموو بەرنامەکان بۆ دژکردەوە نیشاندان داڕێژراوە و ڕاهینانیان بۆ کراوە".

لەلایەکی دیکەشەوە "کان نیووز"، ڕادیۆ و تێلێڤزیۆنی سەرتاسەریی ئیسرائیل، ڕۆژی دووشەممە ٢ی بەفرانبار لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردبووەوە کە ژێردەریاییەکی ئیسرائیل، حەوتووی ڕابردوو بە ئامانجی نیشاندانی هێز بەرانبەر بە ڕێژیمی ئێران لە کاناڵی سۆئێزەوە تیپەڕیوە.