کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان لەسەر ئێران پەرە بە تێرۆرەکان دەدات

11:43 - 29 بەفرانبار 2721

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بە ''ئۆختاپوسی تێرۆر'' ناو لێ بردووە و وتوویەتی کە کەمکردنەوە گەمارۆکان و دەسپێڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە سەرچاوەی ماڵی، ڕێگا بۆ پەرەگرتنی تێرۆرەکان خۆش دەکات.

''نەفتالی بێنێت'' ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی بەفرانبار، لە قسەکانی خۆیدا لە دانیشتی داووس باسی لەوە کردووە کە پێدانی دەیان میلیارد دۆلار بە ئێران لە ڕێگای هەڵوەشانەوەی گەمارۆکانەوە، خراپترین کارێکە کە دەتوانرێت ئەنجام بدرێت.

ناوبراو ڕێژیمی ئێرانی بە سەرچاوەی تێرۆریزم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناو لێ بردووە و وتوویەتی کە دابینکردنی ماڵیی ئێران، ئەو ڕێژیمە بۆ ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە بەهێز دەکات.

 سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەوەشی وتووە کە ڕێژیمی ئێران پێ لە هەر شوێنێک دانێت، وێرانی دەکات.

''بێنێت'' بە ڕەخنەگرتن لە ژیاندنەوەی ڕێککەوتنی بەرجام وتوویەتی کە ئەو ڕێککەوتنە هەم ڕێگا بە ئێران دەدات بەرنامەی ناوکیی خۆی درێژە پێ بدات و هەمیش پارەیەکی زۆر بەدەست دێنێت.

ناوبراو لە درێژەدا وتوویەتی: ''ڕێژیمی ئێران وا دەنوێنێت کە زۆر بەهێزە، بەڵام لە ڕاستیدا ئابوورییەکی شڵەژاو و گەندەڵی هەیە کە تەنانەت توانای ئاوی بۆ بۆڕییەکانی ئیسفەهانی نییە، کەسانێک لە ئێران هەن کە کاتێک شێری ئاو دەکەنەوە، ئاو نییە، چونکە ڕێژیمەکەیان بێ توانایە''.