کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل و عەرەبستان خەریکی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیانن

17:41 - 14 پووشپەڕ 2722

دوو وڵاتی ئیسرائیل و عەرەبستان خەریکە پەیوەندییەکانیان ئاسایی دەکەنەوە و "جۆ بایدن" سەرکۆماری ئامریکا دەیەوێت سەردانی ئەو دوو وڵاتە بکات.

ئامریکا لە هەوڵی نێوەندگیری لەنێوان دوو وڵاتی "ئیسرائیل" و "عەرەبستانـ"ـدایە بۆ ئەوەی ئەو دوو وڵاتە لەسەر زۆر بابەت ڕێک بکەون و پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە.

ئەوەی تا ئێستا لەسەری ڕێک کەوتوون ئەوە بووە کە دوو دوورگەی "سەنافیر" و "تیران" لە میسر بخرێتە ژێر کۆنترۆڵی عەرەبستانەوە، هەروەها حکوومەتی عەرەبستان ئیزنی بە شیرکەتی فڕۆکەوانیی ئیسرائیل داوە کە بە ئاسمانی ئەو وڵاتەدا گەشتی ئاسمانیی هەبێت.

حەوتووی داهاتوو "جۆ بایدن" سەرکۆماری ئامریکا سەردانی ئیسرائیل دەکات و دوو ڕۆژیش لە عەرەبستان دەمێنێتەوە و کۆمەڵێک پێشنیار دەخاتە بەر دەستی دەسەڵاتدارانی ئەو دوو وڵاتەوە.

"بایدن" ڕایگەیاندووە کە ئامانجی لەو سەفەرە بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هاوکاریکردنی ئیسرائیل بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچە و دابینبوونی ئاسایش و ئەمنییەتی زیاتر لە ناوچەکەیە، هەروەها هەوڵ ئەوەیە کە لە زیانەکانی شەڕ لە یەمەن کەم بکرێتەوە.