کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل پێش بە قاچاخی نەوتی ڕێژیمی ئێران دەگرێت

11:27 - 16 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: دەوڵەتی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، کە هێزی دەریاییی ئیسرائیل ڕۆڵێکی گرینگی لە بەرانبەر قاچاخی نەوتی ڕێژیمی ئێراندا هەیە.

"بێنیامین نێتانیاهوو"، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی چوارشەممە، ١٥ی ڕەشەمە، لە  کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەفسەرانی ‌هێزی دەریاییی وڵاتەکەی وتی: "ئێران لە ڕێگای دەریاوە گەمارۆوە ئابوورییەکان دەور لێ دەداتەوە".

ناوبراو جەختی کردووە، کە هێزی دەریاییی ئیسرائیل لەو بارەوە، ڕۆڵێکی گرینگی هەیە و ڕوو لە کۆمەڵگای جیهانیش وتوویەتی: کە دەبێت پێش بە ڕێژیمی ئێران بگیردرێت هەتا نەتوانێت گەمارۆوە ئابوورییەکان دەور لێ بداتەوە.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە قسەکانیدا هەروەها وتوویەتی: کە ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای دەریایەوە بە دزییەوە نەوت قاچاخ دەکات، بۆیە ئەگەری هەیە ئێسرائیل دژی ئەو هەوڵەی ڕێژیمی ئێران هەنگاو هەڵ بگرێت.

داخستنی گەرووی هۆرمۆز گەورەترین هەڕەشەی لە بەرانبەر گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێرانە. ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی ئەوە دەکات  ئەگەر بەربەست بۆ هەناردەكردنی نەوتی وڵاتەكەی دروست بكرێت، ئەویش گەرووی هۆرمۆز شادەماری گواستنەوەی نەوتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ بازاڕەكانی جیهان دادەخات.