کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل پێکهاتەی بەرگریی مووشەکی لە بەرانبەر مووشەکی بالستیکی ساز کردووە

12:01 - 3 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، باسی لە ڕێکخستنی پێکهاتەیەکی بەرگریی مووشەکی کردووە، کە پێش بە مووشەکە بالستیکییەکانی ڕێژیمی ئێران دەگرێت و لە ئاسمان دەیان تەقێنێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئاسۆشیتدپرێس، بینامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی سێشەممە، ٢ی ڕێبەندان، ڕایگەیاندووە: کە ئیسرائیل بە سەرکەوتووییەوە پێکهاتەیەکی بەرگریی مووشەکی نوێی تاقی کردووەتەوە، کە دەتوانێت شوێنی مووشەکە بالستیکییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ئاسمان ببینێتەوە و بیانتەقێنێتەوە.

ناوبراو لە نێوان قسەکانیدا ڕوو لە ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "ئەو دوژمنانە کە دەیانەوێت ئێمە لە نێو ببەن، مستە گرێکراوەکانمان پێیان دەسەلمێنێت کە ئێمە تۆڵەیان لێ دەکەینەوە".

هاوکات لەگەڵ ئەم ڕاگەیاندنەی نێتانیاهوو، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیلیش، بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک، باسی لەوە کردووە، کە پێکهاتەیەکی بەرگریی مووشەکی Arrow3، ئیسرائیل لە بەرانبەر مەترسییەکانی ئێستە و داهاتوو لە ناوچەکەدا دەپارێزێت.

ڕێژیمی ئێران هەر لە هاتنەسەرکاریەوە هەتا ئێستە، بەردەوام هەڕەشەی لەنێوبردن لە وڵاتی ئیسرائیل دەکات و بۆ ئەم مەبەستە سامان و داهاتی خەڵکی ئێران بۆ لقە تێرۆریستییەکانی خۆی لە لوبنان و فلستین تەرخان دەکات، بەڵام پاش ئەوەی کە لە سنوورەکانی سووریە لە ئیسرائیل نزیک بووەتەوە، ئەرتەشی ئیسرائیل بە هێرشە مووشەکییەکانی خۆی بۆ سەر بنکەکانی سپای پاسداران و لقەکانی و بێدەنگبوونی ڕێژیم، هەموو ئەو ئیدعانەی بوونەتە بڵقی سەر ئاو.