کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل ڕایگەیاندووە ڕێژیمی ئێران دەستی لە تەقینەوەکانی سنووری سووریەدا هەبووە

19:14 - 18 گەلاوێژ 2720

سەرۆکی ستادی ئەرتەشی ئیسرائیل وتوویەتی، ئەو گرووپە چوار کەسییەی کە ماددەی تەقەمەنییان لە نێوان سنووری سووریە و ئیسرائیلدا دانابوو لە ژێر چاوەدێری ڕێژیمی ئیراندا ئەو کارەیان کردووە.

ڕۆژی هەینی ١٧ی گەلاوێژ، ژەنەڕاڵی "ئۆیۆ کوخاوی" سەرۆکی ستادی ئەرتەشی ئیسرائیل لە وتووێژێکدا لەگەڵ سەربازەکانی وڵاتەکەیدا وتوویەتی: "ئەو کردەوە تیرۆریستییەی لەو حەوتوویەدا ڕوویدا و کۆمەڵێک ماددەی تەقەمینییان لە سنووری نێوان ئیسرائیل و سووریەدا دانابوو بە فەرمانی ڕێژیمی ئێران و لە ژێرچاوەدێری ئەو وڵاتەدا بووە".

ئەو بەرپرسە نیزامییەی ئیسرائیل باسی لەوە کردووە، سەربازانی ئیسرائیلی ئەو ماددەی تەقەمەنییانەیان پووچەڵ کردووەتەوە و ئەو گرووپە چوار کەسییە لە ئاکامی دژەکردەوەی سەربازانی ئیسرائیلدا کوژراون.

شەوی یەکشەممە ١٢ی گەلاوێژ، ئەرتشی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو لە هێرشێکدا چەندین میلیشیای چەکداریان لە سنووری نێوان ئیسرائیل و سووریە کە لە حاڵی دانانی ماددەی تەقەمەنی بوون، کردووەتە ئامانج.

ئەرتشی ئیسرائیل جەختی کردبووویەوە، ئێمە بۆ هەر سێناریۆیەک ئامادەیەن و ڕێژیمی سووریە بە بەرپرسی هەموو ئەو ڕووداوانە دەزانین.