کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: ڕێژیمی ئێران بۆ پیتاندنی ئورانیۆمی ٩٠ لەسەدی هەنگاو هەڵدەگرێت

13:45 - 9 سەرماوەز 2721

هەواڵدەریی "ئاکسیوس" بڵاوی کردووەتەوە کە ئیسرائیل بەنیسبەت پیتاندنی ئورانیۆم بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی ڕێژیمی ئێران بە ڕێژەی ٩٠ لەسەد، زانیاریی داوەتە ئامریکا و هاوپەیمانانی ئورووپایی خۆی.

ئەو هەواڵدەرییە ڕۆژی دووشەممە ٨ی سەرماوەز لە زاری سەرچاوەیەکی ئامریکایی بڵاوی کردووەتەوە کە ئەو زانیارییانەی کە ئیسرائیل ڕادەستی دەوڵەتی "جۆ بایدن" سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکای کردووە دەرخەری ئەوەیە کە ئەو هەنگاوانە پەرە بە پیتاندنی ئورانیۆم بە ڕێژەیەکی زۆر دەدات و ئەو توانایە بە ڕێژیمی ئێران دەدات هەتا چەند حەوتووی دیکە دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، دەزگا زانیارییەکانی ئامریکا و ئیسرائیل پێشبینییان کردووە کە یەک تاکوو دوو ساڵی دیکە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کاتی پێویستە بۆ ئەوەی پێداویستیی تێکنۆلۆژی بۆ چەکی ناوکی بەرهەم بهێنێت، هەروەها بە مەبەستی زوو بەرهەمهێنان ئەو ڕێژیمە دەست دەکات بە پیتاندنی ئورانیۆمی ٩٠ لەسەدی.

"ئاکسۆس" لە درێژەدا باسی لەوە کردووە کە ئیسرائیل هەڵاسەنگاندنی زانیارییەکانی خۆی لەگەڵ ئامریکاییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بۆ "وەرگرتنی باج" لە دانیشتنەکانی "ڤییەن" خستووەتە ڕوو.

بەپێی ئەو بڵاوکراوەیە باج وەرگرتنەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژاواییەکان لە ماوەی دانیشتنەکانی بەرجامدا دەبێتە هۆی پەرەسەندنی ملهوڕیی ئەو ڕێژیمە و هێرشەکانیان دژی هێزەکان و بەرژەوەندییەکانی ئامریکا لە ناوچەکە لەلایەن ملیشیاکانیەوە لە "یەمەن، سووریە و عێراق".