کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: ڕێژیمی ئێران بۆ گەیشتن بە چەکی ناوکی کات دەکڕیت

11:44 - 29 رەزبەر 2721

''گیلعاد ئێردان'' نوێنەری ئیسرائیل لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێژیمی ئێرانی بەوە تاوانبار کرد کە لە ڕەوتی وتووێژەکانی بەرجام لە ڤییەن، بۆ کات کوشتن بە مەبەستی دەستپێڕاگەیشتن بە بۆمبی ناوکی کەڵکاژۆ وەردەگرێت.

نوێنەری ئیسرائیل لە دانیشتنی شورای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان وتوویەتی: ''ڕێژیمی جینایەتکاری ئاخوندەکان بە ئاشکرایی پەیمانە نێونەتەوەییەکان لە بواری پیتاندن، بەرهەمهێنانی ئورانیۆمی فلێزی، لێکۆڵینەوە و گەشەپێدانی کاروباری ناوکی پێشێل دەکات و ڕیگەری لە لێکۆڵەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی ناوکی دەکات".

نوێنەری ئیسرائیل جەختی کردەوە ڕێژیمی ئێران لە ڕەوتی وتووێژەکان بۆ کڕینی کات کەڵک وەردەگرێت هەتا بتوانێت پیتاندنی ئورانیۆم لە ئاستی نزیک بوونەوە بە چەکی ناوکی درێژە پێ بدات و هاوکات دەستی بە ڕێژەیەک لە زانیاری ناوکی ڕابگات کە هیچ کات ڕێگای گەڕانەوە نییە.

ناوبراو وتوویەتی ئەو ڕێژیمە هەروا مەرگ، وێرانی و ناسەقامگیری لە ناوچەکە پەرە پێ دەدات، چونکە بەداوی سەپاندنی هێژمۆنی شیعە بەسەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەناردنی تێرۆریزم لە هەموو جیهانە.

"ئێردان'' باسی لەوە کردووە ئەگەرچی وڵاتەکەی دەیهەوێت پرسی ناوکیی ئێران بە شێوەی دیپلۆماتیک چارەسەر بکرێت، بەڵام ئیسرائیل هەر کارێک کە بۆ بەرنگاریی لەگەڵ بەرنامەی ناوکیی ئێران و هەڕشەی گرووپەکانی سەر بەو ڕێژیمە لە نزیک سنوورەکانی خۆی پێویست بێت ئەنجامی دەدات.

هەر لەو پێوەندییەدا ڕۆژی دووشەممە کاناڵی ١٢ی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو کە ئیسرائیل بۆ بەهێزکردنی تواناییە نیزامیەکانی خۆی بەمەبەستی هێرش بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران بودجەیەکی ٥/١ میلیارد دۆلاری تەرخان کردووە.