کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: ئێران بە شێوەیەکی مەترسیدار لە دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی نزیک دەبێتەوە

12:08 - 22 جۆزەردان 2722

''نەفتالی بێنێت'' سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران ڕەوتی پیتاندنی ئورانیۆم بە خێرایەییەکی بێ وێنە درێژە پێ دەدات، وتی کە تاران بە شێوەیەکی مەترسیدار لە دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی نزیک دەبێتەوە.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی شەممە ٢١ی جۆزەردان وتی کە ئەگەر جیهان هەڵوێستێکی بەبڕشت و جیدی لە بابەت ئێران نەگرێتە بەر، ڕێژیمی ئێران دەستی بە چەکی ناوکی ڕادەگات.

''بێنێت'' لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی ''تێلێگراف'' داوای لە وڵاتانی ڕۆژاوایی کردووە گوشارەکانی خۆیان بۆ سەر ئێران چڕتر بکەنەوە.

گرژییەکان لەسەر بەرنامەی ناوکیی ئێران لە حەوتووی ڕابردوو زیاتر بووەتەوە، بەدوای پەسەندکردنی بڕیارنامەی ئەم دواییانەی شورای حوکامی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، تاران ڕایگەیاندووە کە هێندێک لە هەوڵەکانی خۆی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ناوکی کەم کردووەتەوە و ٢٧ دوربینی چاوەدێریی ئاژانسی کوژاندووەتەوە.

شورای حوکامی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لە کۆتایی دانیشتنی سێ ڕۆژەی خۆیدا بە پەسەندکردنی بڕیارنامەیەک، ڕێژیمی ئێرانی بەهۆی چالاکییە ناوکییەکان و پێبەندنەبوون بە ڕێککەوتنی ناوکی مەحکووم کرد.