کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل ئەنباری مووشەکەکانی سپای قودس و ئەرتشی سووریەی لە حەلەب و ئەلسەفیرە لەنێو برد

12:36 - 29 پووشپەڕ 2721

ڕێکەوتی ٢٩ی پووشپەڕ فڕۆکە شەڕکەرەکانی هێزی هەوایی ئیسرائیل، چەندین جار بنکەکانی سەر بە میلیشیاکانی سەر بە سپای قودس و هەروەها کۆگای تەقەمەنیی گرینگی ئەرتشی سووریە لە فڕۆکەخانەی شاری "حەلەب" و دەورووبەری ئەو شارە و ناوەندێکی دروستکردنی مووشەکی بالستیکیی ئەرتشی سووریەی،  لە ناوچەی "ئەلسەفیرە"، بۆمباران کرد.

وتەبێژێکی ئەرتشی سووریە بە لە وتووێژ لەگەڵ میدیاکاندا باسی لەوە کردووە هێزی هەوایی ئەو وڵاتە زۆربەی مووشەکەکانی ئیسرائیلی خستووەتە خوارەوە.

ڕێژیمی سووریە هیچ کات پشتڕاستی نەکردووەتەوە کە ئیسرائیل لە هێرشە هەواییەکانیدا، بنکەکانی هێزەکانی ئێرانی کردبێتە ئامانج.

کاربەدەستانی سووریە دەڵێن، بوونی هێزەکانی ئێران لە سووریە تەنیا بۆ ڕاوێژی نیزامییە.

هێرشی ڕۆژی دووشەممە بۆ سەر سووریە، یەکەمین هێرشه لەو کاتەوە کە "نەفتالی بێنت" لە ئیسرائیل هاتووەتە سەر کار.

"بێنت"، جەختی کردووەتەوە کە بەدواداچوون بە سیاسەتی دەوڵەتی پێشوو بەنیسبەت بوونی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە دەکا.