کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسلام ئابادی ئورمیە/ یەکەم چالاکیی تەبلیغیی ئەندامانی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ

16:46 - 12 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئیسلام ئابادی ئورمیە بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ٢٥مین ساڵـڕۆژی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوەبرد.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١١ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی و لە سەروبەندی نزیکبوونەوە لە ٢٢ی پووشپەڕ، ٢٥مین ساڵـڕۆژی شەهیدبوونی \'\'دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو\'\' سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و \'\'شەهید عەبدوڵڵا قادری ئازەر\'\' نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی لە شاری ڤیەن پایتەختی ئوتریش، ئەندامان و رێبوارانی رێبازی دێموکرات چالاکیی تەبلیغییان بە شێوەیەکی بەربڵاو لە ئیسلام ئابادی ئورمیە بەڕێوە برد.

ئەو شوێنانە کە چالاکیی تەبلیغییان تێدا ئەنجام دراوە، بریتین لە: شەقامی کووهنەوەرد، دەوروبەری قوتابخانەی بەناو \'\'راه شهدا\'\'، نانەوایی‌یەکانی ئیسلام ئاباد و زۆربەی کۆڵانەکانی شارۆچکەی ئیسلام ئاباد.

ئەندامان حیزبی دێموکرات لەو چالاکییەدا بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پووستێری تایبەتیی کومیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات، یادی دوکتور قاسملو و هاوڕێیانیان بەرز راگرت.

ئەندامانی حیزب لە ئیسلام ئابادی ئورمیە لە کاتێکدا ئەو چالاکییانەیان ئەنجام داوە کە دۆخێکی ئەمنیەتی بەسەر ئەو شارۆچکەیەدا زاڵ بووە.