کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیلام؛ خاوەنکاری بەنداوی "سێمرە" پارەی زەوی و زاری هاووڵاتییان نادات

12:22 - 18 سەرماوەز 2721

بەشێک لە خاوەن زەوی و مڵکی سەروو و خوارووی بەنداوی "سێمرە"ی ئیلام، لەسەر داواکاریی خاوەنکاری شیرکەتی گەشەی سەرچاوەی ئاو و وزەی ڕێژیمی ئێران بۆ دروستکردنی ئەو بەنداوە زەوییەکانیان بەجێ هێشتووە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ پارەیەکیان پێ نەدراوە.

ڕوونکردنەوەی چارەنووسی زەوی و زاری هاووڵاتییان یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی خەڵکە، بەڵام ئەو کێشەیە لەلایەن کاربەدستانی وەزارەتی وزە و بەڕێوەبەرانی بەنداو و وزەخانەوە چارەسەر ناکرێت.

بەنداوی "سێمرە" یەکێک لە بەنداوە گەورەکانی ئێرانە و لە بواری دەفرایەتی و بەرزاییەوە گرینگییەکی زۆری لە بواری کشتوکاڵ و بەرهەمە ئاوییەکانەوە هەیە.

هەروەها هەر ساڵە بەهۆی بەردانی ئاوی بەنداو، دەیان هێکتار لە زەوی و باخەکانی هاووڵاتییان خەساری بەر دەکەوێت.

هەتا ئێستا زیانبەرکەوتووان چەندین جار لەلایەن کاربەدەستانی پەیوەندیدارەوە سکاڵایان تۆمار کردووە، بەڵام هیچ وڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە.