کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیلام؛ ٣٥٠ کرێکار و فەرمانبەری "کێڵگەی نەوتی ئازەر" لەسەر کارەکانیان دەر کران

10:37 - 19 سەرماوەز 2721

وەزارەتی نەوتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ٣٥٠ کرێکار و فەرمانبەری ئیلامیی لە کێڵگەی نەوتی "ئازەر" دەر کرد؛ ئەم وەزارەتە بە بیانووی نەبوونی کەسانی پسپۆڕ لە پارێزگای ئیلام، زیاتر لە ٦٠ لەسەدی کرێکاران و فەرمانبەرانی ئەو کێڵگەیەی لە دەرەوەی پارێزگاکە هێناوە.

"جەواد ئەوجی" وەزیری نوێی نەوتی ڕێژیمی ئێران لە کاتی سەردانکردنی بۆ پارێزگای ئیلام، بەڵێنیی بە کرێکاران و فەرمانبەرانی کێڵگەی "ئازەر" دا لە کەسانی خۆجێیی کەڵک وەربگرێت و وێڕای ئەوەش بەشێک لە داهاتی کێڵگە نەوتییەکە بۆ بەشی خزمەتگوزاری و ئاوەدانیی پارێزگاکە خەرج بکاتەوە.

وەزیری نوێی نەوت جگە لەوەی بەڵێنییەکانی خۆی جێبەجێ نەکرد، ٣٥٠ کرێکارانی خەڵکی ئیلامی لەو کێڵگە نەوتییە دەر کرد. هەروەها سامانە سروشتی و کانزاییەکانی ئیلام لەمێژە تاڵان دەکرێت و تەنیا هەژاری و بێکاری بۆ خەڵک ماوەتەوە.

 سێ لەسەدی نەوت و یازدە لەسەدی گازی یەدەگی ئێران لە پارێزگای ئیلامە و ڕۆژانە ٢١٥ هەزار بەرمیل نەوت لەو پارێزگایەوە هەناردە دەکرێت.

هەروەها کێڵگەی نەوتی ئازەر یەکێک لە پرۆژە گەورەکانی سووتەمەنییە کە ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی لەلایەن "حەسەن ڕووحانی" سەرکۆماری پێشووی ڕێژیمەوە کرایەوە. لەم کێڵگەیەوە ڕۆژانە ٦٥ بۆ ٧٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە دەکرێت کە ٤٠ هەزار ملیارد تمەن وەبەرهێنانی بۆ دەکرێت و مەزەندەی دوو ملیارد و ٤٤٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی یەدەگ لەو کێڵگەدا دەکرێت. 

پارێزگای ئیلام، خاوەنی نزیکەی ٩٠ لەسەدی نەوت و گازی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە و ژمارەی دانیشتووانی کەمتر لە ٦٠٠ هەزار کەسە.  بەڵام ڕێژەی بێکاری لەو پارێزگایە زۆر بەرزە و ڕێژیمی ئێران خەڵکەکەی لە هەژاریدا هێشتووەتەوە.