کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیمارات بە فەرمی گەمارۆکانی سەر ئیسرائیلی هەڵوەشاندەوە

18:29 - 8 خەرمانان 2720

١٦ ڕۆژ دوای ڕاگەیاندنی ئاساییبوونەوەی پێوەندییەکانی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل، خەلیفە ''بێن زائید ئالێ نهیان'' سەرۆکی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، بە دەرکردنی فەرمانێک بە شێوەی فەرمی گەمارۆکانی سەر ئیسرائیلی هەڵوەشاندەوە.

هەواڵدەریی فەرمیی "ئیمارات" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، بە دەرکردنی ئەم فەرمانە، بەرپرسان و شیرکەتەکانی ئەم وڵاتە ئیزنیان هەیە کە گرێبەستی بازرگانی و ماڵی لەگەڵ شیرکەتەکان و دەوڵەتی ئیسرائیل ببەستن.

لە یەکەم هەنگاودا دوای هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانی سەر ئیسرائیل لەلایەن ئیماراتەوە، بڕیارە ڕۆژی دووشەممە ١٠ی خەرمانان یەکەم فڕینی ڕاستەوخۆی فڕۆکە لەنێوان ئەو دوو وڵاتە لە ڕێگای فڕۆکەخانەی ''تلاڤیڤ'' بۆ ''ئەبووزەبی'' ئەنجام بدرێت.

هەروەها میدیاکانی ئیسرائیل لەبارەی ئەم ڕێککەوتنە باسیان لەوە کردووە، ئاساییبوونەوەی پێوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، ڕێککەوتنی گەشتیاری، تێکنۆلۆژی، نەوت و هاوکاری لە بوارەکانی دیکەی بەدواوە دەبێت.

ئاساییبوونەوەی پێوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات دژایەتی چەند وڵاتی لێکەوتەوە و ڕێژیمی ئێران، تورکیە و گرووپە فەلستینییەکان بەتوندی لەم بڕیارەی ئیمارات ڕەخنەیان گرت و بە خیانەتیان وەسف کرد.

لە دوای ئەو ڕێککەوتننامەیە، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم هەڕەشەی توندیان لە ئیمارات کردووە کە نابێ ئیسرائیل لە ئیمارات نزیک ببێتەوە و لەمە بەدواوە ڕێژیمی ئێران بە ڕوانگەیەکی دیکەوە سەیری ئیمارات دەکات.