کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیمارات و ئیسرائیل وەک مەترسییەکی گەورە سەیری ڕێژیمی ئێران دەکەن

12:48 - 17 خەرمانان 2720

دوای ئەوەیکە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و ئیسرائیل پێوەندییەکانی نێوان خۆیان ئاسایی کردەوە، ئەمجارە بڕیاریان داوە کە بەرەیەک دژی ڕێژیمی ئێران پێک بێنن.

"مایک پۆمپێئۆ" وەزیری دەرەوەی ئامریکا ڕایگەیاندووە، هەر دوو دەوڵەتی ئیمارات و ئیسرائیل لەسەر دروستکردنی هاوپەیمانییەک لە دژی ڕێژیمی ئێران ڕێک کەوتوون.

دروستکردنی ئەو بەرەیه دژی ڕێژیمی ئێران چەند حەتوویەک دوای ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی دۆخی پێوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە هاتووەتە گۆڕێ.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، پێوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی، جووڵەی دیپلۆماسییان بەخۆوە بینیوە و هەوڵ دەدرێت پێوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی ئاسایی بکرێتەوە.

دوای ئیمارات باس لەوە دەکرێت وڵاتانی وەک: ''عەمان، سعوودییە، بەحرەین، قەتەر، میسر و ئۆردۆن" و چەند وڵاتی دیکە پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەنەوە.

هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی بۆ ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکان، ناڕەزایەتیی توندی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێرانی لێکەوتووەتەوە و بەفەرمی هەڕەشە لە ئیمارات دەکەن.

"عەلی خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیمی ئێران دوای ماوەیەک بێدەنگی سەرئەنجام لە کۆبوونەوەیەکدا باسی لەوە کرد کە ئیمارات خیانەتی بە موسڵمانان و فەلەستینییەکان کردووە.

هاوکات کاربەدەستانی نیزامیی ڕێژیمی ئێرانیش بە فەرمی هەڕەشەیان لە  ئیمارات کرد و ڕایانگەیاند: "وڵامی ئیمارات دەدەینەوە و هەر ڕووداوێکیش ڕوو بدات لە ئەستۆی ئیماراتە".

ڕێژیمی ئێران بەردەوام باس لەوە دەکات کە دەبێ ئیسرائیل لەسەر گۆی زەوی بسڕدرێتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش پشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستییەکان دەکات.