کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیمارات: ڕێژیمی ئێران دەست لە تێرۆریزم هەڵبگرێت

12:14 - 11 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: دەوڵەتی ئیمارات داوای لە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کرد بۆ پێوەندی دۆستانە لەگەڵ وڵاتانی ناوچە هەنگاو باوێژێ و دەست لە تێرۆریزم هەڵبگرێت.

وەزیری دەرەوی ئیمارات داوای کردووە بۆ پێشگرتن لە تێرۆریزم و توندڕەوی، ڕێگاچارەیەکی گونجاو و باش هەڵبگیردرێت و لە هەمان کاتدا داوای لە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کردووە که پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی خۆیدا بکات و لەسەر پێوەندیی دۆستانە لەگەڵ وڵاتانی ناوچە هەنگاوی کردەیی هەڵبگرێت.

"ئال نیهان" وەزیری دەرەوەی ئیمارات هەروەها داوای لە ڕێژیمی ئێران کردووە چیدیکە پەرە بە ئاژاوەگێڕی و شەڕ لە ناوچەکەدا نەدات.

ناوبراو داواشی کردووە، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەست لە پشتیوانیی ماڵی و نیزامیی گرووپە تێرۆریستییەکان هەڵبگرن هەتا ناوچەکە ئارامیی بەخۆیەوە ببینێت.

پشتیوانییەکانی ڕێژیمی ئێران لە تێرۆریزم بەردەوام ناڕەزایەتیی وڵاتانی ناوچەکە و ڕۆژاوای لێکەوتووەتەوە و وەزارەتی دەرەوی ئامریکا، ڕێژیمی ئێرانی بە یەکەم وڵاتی پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهاندا ناساندووە.

دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لەچوارچێوەی یارمەتی لە بواری چەکوچۆڵ،  لە بواری ماڵی و هەروەها ڕاهێنانی سەربازی به گرووپە نیزامییەکان و زۆربوونی باندەکانی سیخوڕیی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی ناوچەدا، بەتەواوەتی بەرچاو و دیارە.

دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری وڵاتانی ناوچە و پشتیوانی لە گرووپە تیرۆریستییەکانی ناوچە، بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەو ڕێژیمە ئێستا وەکوو گەورەترین پشتیوانی ماڵیی تیرۆریزم لە جیهاندا بناسرێت.