کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیمارات: ڕێژیمی ئێران دەست لە خەون و خەیاڵەکانی خۆی هەڵ بگرێت

11:38 - 25 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: وەزیری دەوڵەتی ئیمارات، داوای لە ڕێژیمی ئێران کرد، کە دەست لە خەون و خەیاڵەکانی خۆی هەڵ بگرێت و لە بیری خەڵکی خۆیدا بێت.

"ئال نهیان"، جێگری شۆرای وەزیرانی و وەزیری دەوڵەتی ئیمارات، ڕوو لە ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە، کە کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە دەست لە خەون و خەیاڵ هەڵ بگرن و لە بیری خەڵکدا بن.

ناوبراو لە قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، ڕێژیمی ئێران دەیەوێت بە زەبروزەنگ ناوچەکە کونتڕۆڵ بکات و پێشینەی زوڵمی ئیمپراتووریی فارس بە خۆیان و نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکەدا بسەپێنێت.

ئەو بەرپرسەی ئیمارات جەختیشی کردەوە، کە خەڵکی ئێران پێویستیان بە ژیانێکی باش هەیە و شایانی ژیانی باشن، بەڵام ڕێژیمی ئێران لە ناوچەدا بەردەوام کاری تێکدەرانە دەکات.

وڵاتانی ناوچە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکەدا  تۆمەتبار دەکەن و داوای نەمانی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتانەدا دەکرێن.

کاربەدەستانی سپای تێرۆریستی پاسداران، لە ڕێوڕەسمی ٢٢ی بەهمەندا باسیان لەوە کرد، کە سیاسەتەکانی ئێران نەگۆڕ نییە و بەپێی ڕەفتاری دوژمن دەگۆڕدرێت و دوژمن چاوەڕوانی چۆڵکردنی ناوچەکە لە ئێمە نەکات، بەڵکوو ئەوان دەبێت ناوچەکە چۆڵ بکەن.