کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیمارات گرووپێکی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی دەسبەسەر کرد

17:21 - 15 بەفرانبار 2720

ناوەندە ئەمنییەتییەکانی دەوڵەتی "ئیمارات" ڕایانگەیاندووە، ژمارەیەک هاووڵاتیی ئێرانییان بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ڕێژیمی ئێران دەسبەسەر کردووە کە بەوە تۆمەتبار کراون ویستوویانە لە ساڵمەرگی "قاسم سلێمانیـ"ـدا لەو وڵاتە کاری تێرۆریستی بکەن.

کاری لێپرسینەوە لە تۆمەتبارە ئێرانییەکان بەردەوامە و ئیمارات ئەو زانیارییانەی کە لە لێپرسینەوەدا دەردەکەوێت بە هاوپەیمانەکانی دەگەیەنێت.

پێشتر ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، ئیسرائیل بۆ وڵامدانەوەی هەر هێرشێکی ڕێژیمی ئێران لە ساڵمەرگی "قاسم سڵێمانیـ"ـدا ئامادەیە.

جیا لە "ئیمارات" دەوڵەتی "بەحرەین" کە بنکەی فەرماندەیی پێنجەمین ناوگانی هێزی دەریایی ئامریکایە هەتا ئێستا چەندین جار ڕێژیمی ئێرانی بە دەستێوەردان لە وڵاتانی عەرەبی و نانەوەی ئاژاوە تاوانبار کرد.

دەستبەسەرکردنی گرووپە تیرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکە و پشتیوانیی سپای پاسداران لەو گرووپە تیرۆریستییانە، نیگەرانیی وڵاتانی ناوچەی لێکەوتووەتەوە و تا ئێستا چەندین جار هۆشدارییان داوەتە ڕێژیمی ئێران کە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی ئەو وڵاتانەدا نەکات.