کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیمارات یارمەتی دەگەیەنێتە لافاولێدراوانی سیستان

16:16 - 29 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: لە حاڵێکدا کە بەرپرسانی ڕێژیم هیچ هەوڵێکی بۆ یارمەتی گەیاندن بە لافاولێدراوانی سیستان‌وبەلووچستان نەداوە، وڵاتی ئیمارات ڕێژەیەکی بەرچاوی یارمەتی بۆ خەڵکی لافاولێدراوی ئەو پارێزگایە کۆ کردووەتەوە.

لە حاڵێکدا کە بەرپرسانی ڕێژیم و بەتایبەت "حەسەن ڕۆحانی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران بۆ مەبەستە سیاسییەکانی خۆی سەردانی خەڵکی لافاولێدراوی سیستانی کردووە، وڵاتی ئیمارات بە کۆکردنەوەی یارمەتی بە هانای خەڵکی ئەو پارێزگایەوە چووە.

هاوکات لە ناوخۆی وڵاتدا خەڵک بە شێوەی خۆبەش هەوڵ بۆ بەهاناوەچوونی لافاولێدراوان دەدەن و جار وایە بە هەڵگرتنی کۆڵ لە شوێنە سەختەکاندا یارمەتی دەگەیەننە ئەو شوێنانەی کە لە نێو لافاودا ئاسێ بوونە.

هەروەها خەڵکی لافاولێدراوی کرماشان، بە نیشانەی هاوخەمیی لەگەڵ لافاولێدراوانی سیستان‌وبەلووچستان، ڕێژەیەکی بەرچاو خواردەمەنی و پۆشاک و کەرەستەی پێویستیان بۆ لێقەوماوان لەو پارێزگایەدا کۆ کردووەتەوە.

زیاتر لە حەوتوویەکە کە پارێزگای سیستان‌وبەلووچستان، بەهۆی بارینی باران و هەستانی لافاو، تووشی قەیران بووە و ماڵ و حاڵیان کەوتووەتە سەر ئاو و سەرچاوەی ئەم کێشانە دەگەڕێتەوە بۆ بێکیفایەتیی بەرپرسانی ڕێژیم لە بەرنامەداڕێژی بۆ کاتی قەیرانەکان و پاش قەیرانەکان.