کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئینستاگرام بووەتە بازاڕێک بۆ کڕین و فرۆشتنی ئەندامی لەشی مرۆڤ

11:35 - 8 رەزبەر 2720

بازاڕی ڕەشی کڕین و فرۆشتنی ئەندامی لەشی مرۆڤ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەت لە ئینستاگرام زیاتر پەرەی سەندووە و ئەم دیاردەیە لە ئێرانیش کە خەڵک لە دۆخێکی خراپی ئابووریدان زیاتر دەبینرێت.

نزیکەی نیوەی نەشتەرگەریی پێوەندی گورچیلە، بەو گورچیلانەوە ئەنجام دەدرێت کە لە بازاڕی ڕەشەوە بە فرۆش دەگەن، لە ئێستادا ئەو بازاڕە ڕەشە بە شێوەی ئانلاین بەتایبەت لە ئینستاگرام ڕووی لە زیادبوونە.

بازاڕی دیجیتاڵی ئەندامانی لەش لە ئێران تۆڕێکی نهێنی لە دەڵاڵەکان بەڕێوەی دەبەن کە کڕیاران و فرۆشیاران بە یەکتر دەناسێنن و ئامادەکاری بۆ نەشتەرگەریی پێوەندی گورچیلە ئەنجام دەدەن. زۆرێک لەو نەشتەرگەرییانە لە نەخۆشخانەی ''لبافی نژاد'' لە تاران ئەنجام دەدرێن.

 بە وتەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ٥ هەتا ١٠ لەسەدی پێوەندی ئەندامانی لەشی مرۆڤ لە جیهان بە شێوەی نایاسایی کڕین و فرۆشی پێ کراوە.

ئەم ڕێکخراوە هۆشداریی داوە کە ڕێژەی کڕین و فرۆشتنی نایاسایی ئەندامانی لەشی مرۆڤ لە ساڵەکانی داهاتوو دانابەزێت، لەمبارەوە وتەبێژێکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی وتوویەتی: "هەژاری، بێکاری و دۆخی خراپی کۆمەڵایەتی و ئابووری لەم هۆکارانەن کە خەڵک بەنیسبەت قاچاخی ئەندامانی لەش هان دەدەن''.