کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئینستاگرام، لاپەڕەی تێرۆریستێکی ڕێژیمی ئێرانی داخست

00:08 - 23 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام، لاپەڕەی کەسییی فەرماندەی سپای قودسی پاش هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە بۆ سەر ئیسرائیل داخست.

بەپێی ڕاپۆرته بڵاوکراوەکان، لاپەڕەی ئینستاگرامی "قاسم سلێمانی" فەرماندەی سپای تێرۆریستی قودسی ڕێژیمی ئێران، لە دوای ئەوەی کە لە خاکی سووریەوە هێرش کرایە سەر ئیسرائیل داخرا.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، لاپەڕەی ئینستاگرامی تێرۆریست قاسم سلێمانی، دوای ئەوەی داخراوە، کە ناوبراو لە دوای هێرش بۆ سەر ئیسرائیل وێنەی لەنێوچوونی ئیسرائیلی بڵاو کردبووە.

پێشتریش لاپەڕەی ئینستاگرامی فەرماندەی سپای تێرۆریستی قودسی ڕێژیمی ئێران، به هۆی بڵاوکردنەوەی وێنە و فیلمی لەم چەشنە داخرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، سپای تێرۆریستیی قودسی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە خاکی سووریەوە، ٢٠ ڕاکتیان بەرەو بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە بەرزایییەکانی گوڵان هاویشت و سامانەی بەرگری ناسراو بە " گومەزی پوڵایینـ"ـی ئیسرائیل، ڕاکتەکانی تەقاندەوە.

ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە بنکەکانی ڕێژیمی ئێرانی بوردمان کرد و بە وتەی وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل، زیاتر لە ٣١٠ پاسدار لە ئاکامی ئەو هێرشە کوژراون.

ململانێیەکان و شەڕی نێوان ئیسرائیل و ڕێژیمی ئێران لە خاکی سووریە، دوای کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام توندتر بووە و چەند کاتژمێر دوای هێرشەکەی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، سکای نیوز ڕایگەیاندبوو: "ئیسرائیل چەندین بنکەی نیزامی لە خاکی سووریەدا بوردمان کردووە، کە بریتین لە: ناوچەی "جمرایا" و "الکسوە" کە زۆرینەی پاسدارەکانی سەر بە ڕێژیمی تاران لەم ناوچانەن" .