کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئینستاگرام پۆستێکی ڕاوێژکاری لاریجانی سڕییەوە

10:00 - 13 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیسنتاگرام، پۆستێکی ڕاوێژکاری سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێرانی سڕییەوە.

تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام، پۆستێکی "حوسین ئەمیرعەبدوڵڵاهیان"، ڕاوێژکاری عەلی لاریجانی، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، لە کاروباری نێونەتەوەیی سڕییەوە و لە ئاگادارییەکدا بە ناوبراوی ڕاگەیاندووە، لە ئەگەری دووبارەکردنەوەی ئەو پۆستە لاپەڕەکەی دەسڕدرێتەوە.

حوسین ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، لە پۆستێکدا لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆی بۆ پاڵپشتیکردن لە گرووپی تێرۆریستی حیزبوڵڵای لوبنان، بە بڵاوکردنەوەی وێنەی حەسەن نەسروڵڵا، سەرکردەی حیزبوڵڵا، نووسیبووی: "حیزبوڵڵای لوبنان بە گەورەترین دژبەری تێرۆریزم لە ناوچەکەدا هەژمار دەکرێت. جیهان دەبێت سپاسی ڕۆڵی سەقامیگرانەی حیزبوڵڵای لوبنان بکات. بریتانیا باشترە لە جیاتی حیزبوڵڵا، بڕێک لە وڵاتانی هاوپەیمانی خۆی و تێرۆریستپەروەرەکان بخاتە لیستی ڕەشی تێرۆریستییەوە".

تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام، دوای سڕینەوەی پۆستی ڕاوێژکاری سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، لە ئاگادارییکدا بە ناوبراوی ڕاگەیاندووە، کە پۆستەکەی لەگەڵ یاساکانی ئینستاگرامدا ناتەبایە و سڕدراوەتەوە، لە ئەگەری دووبارە پێشێلکردنی یاساکانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام، لاپەڕەکەی دەسڕدرێتەوە.

لە ماوەی کەمتر لە یەکساڵی ڕابردوودا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئیسنتاگرام، تویتێر، فەیسبووک و یوتیووب بە هۆکاری پێشێلکردنی یاسا و ڕێساکانی ئەو کۆمپانیانە لە لایەن ڕێژیم و کاربەدەستەکانییەوە، چەندین پۆستی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانیان سڕیوەتەوە و زیاتر لە سەدان لاپەڕە و کاناڵی تایبەت بە ڕێژیم و کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمەیان سڕیوەتەوە.