کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئینستێکس دەبێتە قوربانیی کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران

13:10 - 25 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: قوربانییانی تێرۆریزمی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کە بنەماڵەکانیان لە لایەن ئەو ڕێژیمەوە تێرۆر کراون، داویان کردووە لە کاناڵی ماڵیی "ئینستێكس" غەرامەت بکرێن و ئەو خەسارەیان بۆ قەرەبوو بکرێتەوە.

"ناوەندی حقووقیی شوورای هادین"، کە پارێزەری دۆسیەگەلی پێوەندیدار بە "قوربانییانی تێرۆریزمـ"ـە، ڕایگەیاندووە کە لە هەوڵدایە بە تۆمارکردنی سکاڵا دژ بە "ئینستێکس" بە نوێنەرایەتیی چەند بنەماڵە، دەست بە سەر داراییەکانی ئێران لەم کاناڵەدا بگرێت.

ئەو بنەماڵانە، ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی پووشپەڕ، بە هێنانە بەر باسی ئەو سکاڵایە لە دادگایەکی فەرانسەدا، داوایان کردووە کە سەرجەم پارە، نەوت و داراییەکانی تری ئێران کە لە کاناڵی ئینستێکسەوە دەرباز دەبێت، وەک غەرامەت پێیان بدرێت.

ڕێکاری ماڵیی ئینستێکس، پرۆژەیەکە کە پاش گەڕانەوەی خولی دووهەمی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، ئەو وڵاتانەی کە لە بەرجامدا ماونەتەوە، بە ئامانجی هاندانی ڕێژیمی ئێران بۆ مانەوە لەو ڕێککەوتنامەیە و هەروەها بێ کاریگەریکردنی گەمارۆکانی سەر ئێران و بازرگانیی ڕێگەپێدراو، لە ڕیکەوتی ١١ی ڕێبەندانی ٩٧ دامەزراوە و ٧ی پووشپەڕی ٩٨ بە ڕاگەیاندنی لە لایەن "عەباس عەراقچی"، جێگری وەزارەتی کاروباری ڕێژیمی ئێرانەوە، بە کردەوەیی کرا.