کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئینستێکس: مامەڵەیەکی هیچ بۆ ڕێژیمی ئێران

11:31 - 14 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ماوەیەکه بە هەموو هێزی دیپلۆماسییەوە لە هەوڵدان بۆ دەورلێدانەوەی گەمارۆوە ئابوورییەکان کاناڵێکی ماڵی جێبەجێ بکەن، بەڵام هەتا ئێستا بە ئاکام نەگەیشتوون.

وادە و بەڵێنییەکانی یەکیەتیی ئورووپا بە ڕێژیمی ئێران بۆ جێبەجێکردنی کاناڵێکی ماڵی، هەتا ئیستاش بەبێ ئاکام ماوەتەوە و کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمەش هەڕەشه لە ئورووپا دەکەن.

ئاڵمان، فەڕانسه و بریتانیا سێ وڵاتی بەهێزی ڕۆژئاوا لە وڵاتی ڕۆمانی بۆ جێبەجێکردنی کاناڵێکی ماڵی لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕێک کەوتوون و بڕیاریان دا لەژێر ناوی "ئینستێکس " INSTEX" لەگەڵ ئێران مامەڵە بکەن.

چاوەدێرانی سیاسی باس لەوە دەکەن، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بۆیە زۆر پێداگره کە ئەو کاناڵە ماڵییە جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەیە کە کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە بۆ  ساڵڤەگەڕی ٤٠ ساڵەی ئەو ڕێژیمە وەک پڕۆپاگەندە کەڵکی لێ وەر بگرن.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، بە دڵخۆشییەوە دەڕواننە ئەو کاناڵە ماڵییە، بەڵام ئامریکا هۆشداری بە یەکیەتیی ئورووپا و کۆمپانیاکان داوە، کە ئەگەر لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هاوکاری بکەن، سزا دەدرێن.

ڕۆژنامەکانی ڕێژیمیش بە شێوەی گاڵتەجار باسی ئینستێکس دەکەن و ڕۆژنامەی "کەیهان" نووسیویەتی: "کێوی کاناڵی ماڵیی ئورووپا مشکی لێ دەرچوو".

ڕۆژنامەی "جەوان" سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانیش نووسیویەتی: "یک تقریبا هیچ مالی".

هاوکات "محەممەد دێهقان"، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی نوێنەرانی ولایی مەجلیس، لە بارەی ئەو کاناڵە ماڵییە وتوویەتی: "ئینستێکس داوی ئورووپا بۆ ئێرانه کە به هاوکاریی ئامریکا دانراوەتەوە".

لە دوای هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام و پەسەندکردنی گەمارۆوە ئابوورییەکان بۆ سەر ئەو ڕێژیمە، یەکیەتیی ئورووپا لە هەوڵدایە لەگەڵ ئەو ڕێژیمە هاوکاریی ماڵی بکات، هاوکات ئورووپا بڕیاری داوە بە جێگای پارە کاڵا بە ئێران بدات.