کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیهوود باراک: هیچ گەرانتییەکمان نه‌داوە کە هێرش نەکەینە سەر ئێران

22:35 - 29 خاکەلێوه 2712

کوردستان میدیا: وەزیری بەرگریی ئیسراییل ده‌ڵێت، کات بە فیڕۆ نادەین و ئیسراییل هیچ گەرانتییەکی لەمەڕ هێرش نه‌كردنه سەر ئێران نەداوە.

بەگوێرەی راپۆرتی رادیۆ فردا، ئێهوود باراک وەزیری بەرگریی ئیسراییل لە وتووێژێکی رادیۆییدا سەبارەت بە وتووێژەکانى رێژیمی ئێران و گرووپی ٥ زێدە ١، گوتوویەتی: دانووستانەکانی ئەستانبووڵ دەبێ ئاکامی روون و دیاریکراوی هەبێ و بە مەبەستی کوشتنی کات ئەنجام نەدرابێت.

وەزیری به‌رگریی ئیسراییل لە وتووێژێکدا رایگەیاند: ئەگەری راگرتنی بەرنامەی ناوکیی رێژیمی ئێران بە هۆی ئەو دانووستانانە کز و لاوازە و ئیسراییل هیچ گەرانتییەکی بە هیچ لایەنێک لەمەڕ هێرش نكردنه سەر بنکە ناوکییەکانی ئێرانی نەداوە.

لە درێژەی ٣ مانگی رابردوودا دەنگۆی ئەگەری هێرشی نیزامیی ئیسراییل بۆسەر بنکە ناوکییەکانی رێژیمی ئێران لەمەڕ راگرتنی چالاکییە ناوکییەکانی ئەو رێژیمە بڵاو بۆتەوە و ئەو دەنگۆگەلە لەلایەن لێپرسراوانی ئیسراییلەوە بەهێزتر بوونەوە.

هەروەها ئیهوود باراک گوتوویەتی: من هەست دەکەم رێژیمی ئێران پوان(امتیاز)ی وەرگرتووە و ئەو وڵاتە ٥ حەوتووی دیکە دەتوانێ بە بێ هیچ بەربەستێک پیتاندنی ئورانیۆم درێژە بدات.

دانووستانەکانی رێژیمی ئێران و رۆژئاوا لە رێکەوتی ٢٦ی خاکەلێوەی ١٣٩١ی هەتاوی پاش ١٥ مانگ لە ئەستانبووڵ بەڕێوەچوو و بڕیارە لە رێکەوتی ٣ی جۆزەردانی ئەمساڵ لە بەغدا بەڕێوە بچێت.