کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یه‌كیه‌تیی پیشه‌یی مامۆستایانی كوردستانی ئێران ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە

11:17 - 10 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: یه‌كیه‌تیی پێشه‌یی مامۆستایانی كوردستانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، وێڕای ئاماژەدان بە کوژران و برینداربوونی هاووڵاتییانی سڤیل لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەدا، داوای لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و كۆڕ و كۆمه‌ڵه مرۆڤدۆسته‌كانی‌ نێونه‌ته‌وه‌یی کرد کە کردەوەکەی ڕێژیمی ئێران مەحکووم بکەن.

لەم ڕاگەیەندراوەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ڕێژیمی ئێران له‌ ترسی به‌رینتربوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی نه‌ته‌وه‌كانی ئێران و وه‌له‌رزه‌خستنی ته‌ختی ڕه‌شی ده‌سه‌ڵاته‌ ناڕه‌واكه‌یان، به‌ شێوه‌یه‌كی نامرۆڤانه‌ و به‌دوور له‌ هه‌موو یاسا و ڕێسایەکی مرۆیی هێرشیان كرده‌ سه‌ر خه‌ڵكی ناڕازیی ئێران.

هەروەها لە بەشێکی دیکەدا وێڕای ئاماژەدان بە بەشداریی هەموو چین و توێژەکان لە ناڕەزایەتییەکاندا، هاتووە،‌ له‌ كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات له‌ شاره‌كانی كرماشان، جوانڕۆ، سنه‌، مه‌ریوان، سه‌قز و بۆكان به‌ ده‌یان كه‌س له‌ خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕیوی كورد به‌ ته‌قه‌ی ڕاسته‌وخۆی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ڕێژیمی ئێران شه‌هید و بریندار بوون و به‌ هه‌زاران كه‌سیان له‌ خه‌ڵكی كورد ڕاپێچی زیندان كران، هەروەها به‌شێک له‌ شه‌هید، بریندار و گیراوه‌كانی خۆپیشاندانه‌كانی شاره‌كانی كوردستان، له‌ قوتابییان و خوێندكاران بوون.

لە کۆتاییشدا هاتووە، یه‌كیه‌تیی پیشه‌یی مامۆستایانی كوردستانی ئێران داوا له‌ ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و كۆڕ و كۆمه‌ڵه‌ مرۆڤدۆستە نێونه‌ته‌وه‌ییەکان ده‌كات كه‌ له‌هه‌مبه‌ر گرتن و برینداركردنی قوتابییان و خوێندكارانی كورد له‌لایه‌ن هێزه‌ نیزامی و ئه‌منییه‌تییه‌كانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە كه ‌له‌لایه‌ن به‌رزترین ئاستی ده‌سه‌ڵاتی ڕێژیمەوە فه‌رمانی‌ ته‌قه‌ی ڕاسته‌وخۆیان پێدراوه‌، ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی و مه‌حكوومكردن هه‌ڵبڕن و گوشار بۆ ڕێژیمی ئێران و به‌تایبه‌ت به‌ناو ڕێبه‌ری ڕێژیم بهێنن كه‌ گیراوانی قوتابی و خوێندكارەکان ئازاد بكرێن و درێژە بە خوێندنەکەیان بدەن.