کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یه‌كیه‌تیی‌ ژنانی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران به‌بۆنه‌ی‌ ٧٤ـەمین ساڵڕۆژی‌ دامه‌زرانی‌ ئەو ڕێکخراوەیە پەیامێکی بڵاوکردوە

12:01 - 25 رەشەمه 2719

به‌ڕێوه‌به‌ریی‌ یه‌كیه‌تیی‌ ژنان، به‌بۆنه‌ی‌ ٧٤ـەمین ساڵڕۆژی‌ دامه‌زرانی‌ یه‌كیه‌تیی‌ ژنانی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران په‌یامێکی بڵاو کردووە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!

ژنانی تێکۆشەری مەیدانی خەبات!

٧٤ ساڵ‌ به‌ر له‌ ئێستا له‌ ٢٤ی‌ ڕه‌شه‌مه‌ی‌ ساڵی‌ ١٣٢٤ی‌ هه‌تاویدا، یه‌كیه‌تیی‌ ژنانی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران وه‌ك یه‌كه‌مین ڕێكخراوی‌ ژنان له‌ كوردستانی‌ ئێران به‌ شێوه‌یه‌كی‌ مودێڕن دامه‌زرا.

دامه‌زرانی‌ یه‌كیه‌تیی‌ ژنان بوو به‌ ده‌ستپێكی‌ وەرزێکی نوێ‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ژنان له‌ كوردستانی‌ ئێراندا كه‌ شانازییه‌كه‌ی‌ وه‌ك ده‌ستكه‌وتێكی‌ به‌نرخ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كۆماری‌ كوردستان و حیزبه‌ دامه‌زرێنه‌ره‌كه‌ی‌، واته‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران. ئه‌و هه‌نگاوه‌ گرینگ و مێژووییه‌ كه‌ بوو به‌ هۆی‌ له‌دایكبوونی‌ ڕێكخراوه‌كه‌مان، هه‌نگاوێكی‌ پێشكه‌وتووانه‌ و سه‌رده‌میانه‌ بوو كه‌ له‌ هه‌لومه‌رجه‌ هه‌ستیارەکەی ئه‌و كاته‌دا زۆر ئه‌سته‌م بوو، بەڵام چوونکە له‌ هزر و بیری‌ تیژ و ستراتیژیی‌ ڕێبه‌رانی‌ كۆمار و به‌تایبه‌ت پێشه‌وا قازی‌ محه‌ممه‌د سه‌رچاوه‌ی‌ گرتبوو، هەنگاوی پێویستی بۆ هەڵگیرا.

ژنانی مافخوازی کوردستان!

مێژوو سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە دامەزراندنی یەکیەتیی ژنان، بوو بە دەروازەیەک کە ژنانی گەلە بەشخوراوەکەمان بۆ یەکەمجار، بە شێوەی ڕێکخراو و سیستماتیک و بە ئۆرگانیزاسیۆنێکی سەردەمیانە، تێکەڵ بە خەباتی ڕزگاریخوازی و مافخوازانەی گەلەکەمان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بن و هەر وەک بینیمان، یەکیەتیی ژنان و بەگشتی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە هەوڵدان بۆ خۆڕێکخستن و هاندانی ژنان لە سەرانسەری ئێران بۆ بەشداری لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا، درێغییان نەکردووە.

هاونیشتیمانییانی خۆشەویست!

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کاتێکدا ئەو پەیامەتان پێشکەش دەکات کە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەگشتی و ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی بە قۆناغێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە تەواوی ئیزۆلە بووە و دۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بەتەواوی شڵەژاوە و بە بەردەوامی گوشارە نێوخۆیی و  نێونەتەوییەکان، ئەگەری ئاڵوگۆڕ لە ئێراندا دێتە ئاراوە و سیاسەتە نێودەوڵەتی و میدیا جیهانییەکان ئەوە دەسەلمێنن کە هەموو لایەنێکی دەرەکی و نێوخۆیی ئێران، خۆیان بۆ هاتنە ئارای ئاڵوگۆڕ لە وڵاتدا ئامادە کردووە و ئامادە دەکەن. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت کە ژنانی تێکۆشەری ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی، چالاکتر لە جاران لە هەموو بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵاتی و کولتوورییەکاندا ڕۆڵ بگێڕن و هاوتەریب لەگەڵ چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا بۆ مسۆگەرکردنی ئازادییە نەتەوەیی و تاکەکەسییەکانی خۆیان تێبکۆشن.

هەروەک کە بینیمان لە خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر و دواتری ژنان لە ڕیزی پێشەوەی هەموو ناڕەزایەتییەکاندا بوون و ڕۆڵی کاریگەر و بنەڕەتییان بینیوە. هەروەها دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ هەموو جیهان ڕوونە کە خەسارەکانی ئەو ڤایرۆسە لە ئیران گەلێک زیاترە لە ناوەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە کە وڵاتی چینە، بێگومان ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ بە ڕەواڵەت گوێ پێنەدان و خەمساری تەواوییەتی ڕێژیم و لە ڕاستیدا سیاسەت و پیلانە شاراوەکانی پشتی ئەو بڵاوبوونەوەیە.

دوای تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری قومەوە بۆ سەرانسەری ئێران، کوردستان و ژنی کورد جارێکی دیکە بە هەست بە بەرپرسیاری کردن بەرامبەر بە کۆمەڵگا و نەتەوەکەیان، شان بە شانی پیاوان لە ڕێکخراوە مەدەنییەکان خەریکی ئامادەکردنی پێداویستییەکانی تایبەت بە بەرنگاریی ئەم پەتایەن.

لەو ڕاستایەدا پێویستە کە ژنانی تێکۆشەری گەلەکەمان، بە هەموو شێوەیەک ڕێنماییە جیهانی و پزیشکییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و کۆنترۆڵکردنی کۆرۆنا لە بەرچاو بگرن و هەتا بۆیان دەکرێت لە ماڵەکانیان بمێننەوە. چونکە کۆماری ئێسلامی نە توانای بەرنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنای هەیە و نە نییەتی هەنگاونان لەو ڕاستایادا. لە ڕاستیدا ڕێژیم حەز بە بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە دەکات لە هەموو شار و گوندێکی نێو جوغرافیای ئێران بە سێ هۆکار:

یەکەم: دەنگی ناڕازی و بەرهەڵستکاری گەلانی ئێران کە شەقامەکانی سەرانسەری ئێرانی تەنیبوو، بە ڤایرۆسی کوشندەی کۆرۆنا کپ بکرێت.

دووهەم: ڕێژیم دەستەوەستاوی و بێ توانایی خۆی وتێداچوونی ئەو هەموو خەڵکە بێتاوانە، وەک مەزڵوومنەمایی بخاتە ئەستۆی وڵاتانی جیهان و گەمارۆوە نێونەتەوییەکان. لە حاڵێکدا گەمارۆکان خۆراک و کەرتی دەرمان و پزیشکییان لەخۆ نەگرتووە.

سێهەم: بەهۆی کۆرۆنا و ئەو کارەساتە مرۆڤییه کە پێشبینی دەکرێت بە سەدان هەزار کەس لە ئێران بکوژێت، پرسگەلێکی وەک خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئوکراینییەکە و مژاری ئەتۆمی و قەیرانی بودجە و مووچە و...هتد  لە نێوخۆی ئێران و جیهان بشارێتەوە.

ژنانی مافویستی کوردستان!

جێگەی خۆیەتی کە لەو ڕۆژە پیرۆز و بە شکۆیەدا، جارێکی دیکە پیرۆزبایی ٢٤ی ڕەشەمە، ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە خەڵکی کوردستان بەگشتی و ژنانی خەباتکار و مافویستی گەلەکەمان بەتایبەتی بکەین.

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٤ی ڕەشەمەی ١٣٩٨ی هەتاوی

۱٤ی مارسی ٢٠٢٠ی زایینی