کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"یوسی کوهن": ئیسرائیل لە ڕێگای دزەکردنی ئیتلاعاتییەکانی خۆی لە ئێراندا، ڕێگا نادات ئەو ڕێژیمە دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگات

18:04 - 21 جۆزەردان 2721

''یوسی کوهن''، بەرپرسی پێشووی "مووساد"، لە وتووێژێکدا باسی لەوە کرد ئیسرائیل زانیاریی لەسەر بەرنامە ناوکییەکانی ئێراندا هەیە و جەختی کردووەتەوە کە وڵاتەکەی هیچ کات ئیزن بە ڕێژیمی ئێران نادات دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگات.

کوهن، ڕۆژی پێنجشەممە لە کاناڵی ١٢ی ئیسرائیل وتوویەتی: "لەسەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران زانیارییەکی قووڵی هەیە".

ناوبراو بەبێ دانپێدانانی ڕاستەوخۆ لەسەر ڕۆڵی "مووساد" لە تەقینەوەکانی ئەم دواییانەی "نەتەنز" وتوویەتی کە پێشتر لە "نەتەنز" سانتریفیوژەکان کاریان دەکرد، بەڵام ئێستا لەکار کەوتوون.

هەروەها کاناڵی ١٢ی ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، لە دامەزراوەی ناوکیی نەتەنز ئەو بناغەیەی کە سانتریفیوژەکانی لەسەر دامەزرابوون لە بەردی مەڕمەڕ پێک هاتبوو و ئەو بەردە ڕێژەیەکی زۆری ماددەی تەقەمەنی تێدا بووە.

ئەو بەرپرسەی پێشووی ئیسرائیل لەبارەی کوژرانی ''موحسێن فەخریزادە'' لە بەرپرسانی باڵای بەرنامەی ناوکیی ئێران وتوویەتی: ''مووساد چەندین ساڵ بوو فەخریزادەی خستبووە ژێر چاوەدێرییەوە و پێش لە کوژرانی ناوبراو لە مانگی سەرماوەزی ڕابردوو لە بواری فیزیکییەوە لە فەخریزادە نزیک بوو''.

ناوبراو وتوویەتی: '' کەسێک کە توانایی ئەوەی هەبێت شارومەندانی ئیسرائیل بخاتە مەترسییەوە، دەبێ نەمێنێت''.

"یوسی کوهن" بەنیسبەت ئەو بەڵگە و زانیارییانەی کە ئیسرائیل لەسەر بەرنامەی ناوکیی ئێراندا هەیەتی، وتوویەتی: "ئامانج لە ڕاگەیاندنی دەستپێڕاگەیشتن بەو بەڵگانە ئەوەیە کە سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی وڵاتانی جیهان لەو هەڕەشەیە، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانیش ئەو پەیامە وەرگرن کە یەکەم ئیسرائیل لەنێو ئەواندا دزەی کردووە و دووهەم لەژێر چاوەدێریدان و سێهەم ئەوەیە کە سەردەمی شاردنەوەی درۆکان کۆتایی پێهاتووە".