کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یوسی کۆهن: دەرچوونی بێ بیرکردنەوەی ئامریکا لە عێراق دەبێتە هۆی دابەشبوونی ئەو وڵاتە

13:10 - 12 خەرمانان 2721

سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل "موساد" بەنیسبەت کشانەوەی ئامریکا لە عێراق هۆشداریی داوە و وتوویەتی: "لە ئەگەری دەرچوونی ئامریکا لە عێراق ئەم وڵاتە دابەش دەبێت و بە تەواوی دەکەوێته ژێر ڕکێفی ڕێژیمی ئێران".

بەپێی ڕاپۆرتی "میدڵ ئیست ئای" سەرۆکی پێشووی "موساد" لە بابەتێکدا کە بۆ یەکێک لە ڕۆژنامەکانی وڵاتەکەی نووسیویەتی دەرچوونی بێ بیرکردنەوە و بە پەلەی ئامریکا دەبێتە هۆی هەڵوەشانەوە و دابەشبوونی ئەو وڵاتە و لە ئاکامی ئەم سیاسەتەی ئامریکادا، ڕێژیمی ئێران درێژە بە سیاسەتی ئاژاوەگێڕانە، تێرۆر و هەناردەکردنی "شۆڕش" دەدات.

"جۆ بایدن" سەرکۆماری ئامریکا لە مانگی ژوئیەی ئەمساڵدا ڕایگەیاندبوو کە لە پلاندان تا هێزەکانیان لە عێراقدا بکشێننەوە و کۆتایی بە مەئمووریەتی نیزامی خۆیان لەو وڵاتە بێنن.

لە ئێستادا نزیک بە ٢٥٠٠ هێزی نیزامیی ئامریکا لە "عێراقـ"ـدان کە وەکوو یارمەتیدەری هێزە نیزامییەکانی ئەو وڵاتە دژی تێرۆریستان چالاکی دەکەن.

"کۆهن" بە بەرپرسانی وڵاتەکەی هۆشداریی داوە کە پێش لە چۆڵکردنی وڵاتانی باکووری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەلایەن ئامریکاوە، ئامادەکاریی تەواو بکەن تا چیدیکه کارەساتی ئەفغانستان دووپات نەبێتەوە.