کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یونان ئەو بارە نەوتەی ڕێژیمی ئێران کە دەستی بەسەردا گرتبوو بۆ ئامریکای دەنێرێت

12:11 - 5 جۆزەردان 2722

پۆلیسی بەندەرەکانی "یونان" ڕایگەیاندووە کە بەپێی داخوازیی بەرپرسانی دادی ئامریکا، بارێکی سووتەمەنیی نەوت کە مانگی ڕابردوو لە کەشتییەکدا و لەژێر ئاڵای ڕووسیە لە ئاوەکانی "یونانـ"ـدا دەستی بەسەردا گیرابوو، دەنێرێتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا.

"لارا" نەوتهەڵکێشی "ڕووسیە" و بە ناوی پێشووی "پێگاس" کە مانگی ڕابردوو لە حاڵی ڕۆیشتن بۆ لای تورکیە بووە بەهۆی گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپا بە دژی "ڕووسیە" و شەڕی "ئۆکراین" ڕاگیرابوو.

بەپێی هەواڵدەریی "فەرانسە"، ئەو کەشتییە لە کاتی ڕاگرتنیدا ١١٥ هەزار تۆن سووتەمەنیی پێ بووە.

لەو پەیوەندییەدا وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە دژکردەوەی بە ڕاگرتنی ئەو کەشتییە پیشان داوە و باڵوێزی "یونان" لە "تارانـ"ـی بانگهێشت کردووە و بەردەوام و بەتوندی ناڕەزایەتیی خۆی لەلای ئەو باڵوێزە دەربڕیوە.    

ڕێژیمی ئێران بەهۆی گەمارۆوە نێونەتەوەییەکان ناتوانێت بە شێوەی ئازاد نەوتەکەی بفرۆشێت و بۆ دەورلێدانەوەی گەمارۆکانی لە قاچاخچی و هاوپەیمانەکانی کەڵک وەردەگرێت.