کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یووبیلی ئەڵماسیی حیزبی دێموکرات، وەک خۆرەتاو وڵات ڕوون دەکاتەوە

11:38 - 25 گەلاوێژ 2720

پێشمەرگەکانی شار و ئەندامانی دەروەستی حیزبی دێموکرات بست بە بستی خاکی کوردستانیان بە یووبیلی ئەڵماسی ڕازاندووەتەوە.

تێکۆشەرانی دێموکرات لە ناوچەی گەورکایەتیی "مەهاباد" لەسەر شاخی "قەڵات" کە دەڕوانێتە سەر گوندەکانی "سوێناس، کاوڵان، پاژبەرد، کوڵتەپە، کاوڵانی سەرێ، ماژگە و گرشیلان و ڕێگای سەرەکیی مەهاباد ـ سەردەشت"، ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان بە درێژایی سێ میتر و پانتایی یەک میتر هەڵ کردووە کە بووە هۆی خۆشحاڵیی خەڵکی ناوچەکە.

لە دوای هەڵکردنی ئاڵاکە لەسەر شاخی "قەڵات"، پاسگای کاوڵان بە هاوکاریی سپای تێرۆریستی پاسداران و چەند بەکرێگیراوێک ئاڵاکەیان داگرتووە.

هەروەها قارەمانانی دێموکرات لە ناوچەی "شاروێران" ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان لەسەر پردی قەتاری بۆ سێڕێیانی دارەلەک هەڵ کردووە.

لە "مەهاباد"ـەوە بەبۆنەی ٧٥ ساڵەی دامەزاندنی حیزبی دێموکرات، خەباتگێڕانی دێموکرات بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و خوێندانی شەهیدان سەردانی گڵکۆی پیرۆزی ئەو نەمرانەیان کردووە.

تێکۆشەرانی دێموکرات لە "سەقز" چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد. ئەو شوێن و گەڕەکانەی "سەقز" کە چالاکیی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە: "جاقل، کەریم ئاوا، پشت مزگەوتی حەزرەتی عومەر، شاناز، موعەللیم، چوارڕێیانی ئازادەگان، ڕوودەکی، گەڕەکی ئیمام جەمعە و کوشتارگای قەدیم".

پێشمەرگە هەردەم ئامادەکانی شار لە "سەقز"، شەوی ٢٣ لەسەر ٢٤ی گەلاوێژ، لە گوندەکانی "مەولاناوا، ماسیەر، ڕۆسەمان، قووتڵوو، دەرەقووڵە، کانی سەیی، قەرەبوغرە، قامیشەڵە، خوڕخوڕە، حانەمیران و چنارە" بە شێوەیەکی بەرچاو تراکت و پوستێری تایبەت بەبۆنەی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی حیزبەکەیان بڵاو کردووەتەوە و لەگەڵ ڕێبازی حیزبەکەیان پەیمانی وەفادارییان نوێ کردووەتەوە.

ئەندامانی دەروەستی حیزبی دێموکرات لە "پیرانشار"، وێڕای پەیامی پیرۆزبایی لە کادر و پێشمەرگەکانی  حیزب، ئاڵایەکی ١٢ میتریان لە نێوەڕاستی "سەرگردە" هەڵ کردووە و ئەو ئاڵایە بە شێوەیەک بووە لە هەموو شارەوە بە جوانی دیار بووە.

بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژەوە چاونەترسانی حیزبی دێموکرات لە گەڕەکی "ئەمیرئاباد" و گوندی "سەوجە"ی  شنۆ چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە و وەفاداریی خۆیان بە ڕێبازی حیزبەکەیان نیشان دا.

تێکۆشەرانی دێموکرات لە "ورمێ" لە شارەکی ئیسلام ئاباد لە "قوتابخانەکانی لەیلا و تەقوا و شەقامی کوهنەوەرد" و ناوچەی مەرگەوەڕ، گوندی باوان و دزە بەگشتی ڕێگای نێوان شنوـ دزە، باوان ـ دزە، پشتی دەرمانگای پاسگا و قەبرستانی پومپ بێنزین" چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە.

هەر لە درێژەی چالاکییەکانی قارەمانانی دێموکرات لە کوردستان لە گوندی "مێراو" سەربە ژاوەرۆی سنە بە شایی و هەلپەڕکێ و بڵاوکردنەوەی نوقڵ و شیرینی  لەژێر دروشمی "خۆری ڕزگاریی کوردان لە گەلاوێژدا هەڵ دێت" یادی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی حیزبەکەیان بەرز ڕاگرت.

وەفاداران بە ڕێبازی دێموکرات لە گوندی "حەوتاشـ"ـی بانە بۆ بەرزڕاگرتنی ٢٥ی گەلاوێژ ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان هەڵ کرد.

لەنێو شاری "سنە" و گوندی "ساڵیان" ئەندامانی دڵسۆز و بەئەمەگی دێموکرات لە زۆربەی شەقام و گەڕەکەکانی شاردا وێنەی دوکتور "قاسملوو" و تراکت و پوستێری یووبیلی ئەڵماسیی حیزبیان بڵاو کردووەتەوە و ئەو یادە مێژووییەیان بەرز ڕاگرت.

هەروەها لە شاری "شوێشە"ی سەر بە سنە، ئەندامانی تێکۆشەری حیزب لە پەیامێکدا ڕێزیان لە ٧٥ ساڵ خەباتی حیزبەکەیان گرت و ئامادەیی خۆیان بۆ بەجێگەیاندنی هەر ئەرکێکی حیزبی دەربڕیوە.

ڕێبوارانی ڕێبازی شەهیدان لە گوندی "نییەر" سەر بە ژاوەرۆی سنە لە بڵندگۆی مزگەوتی گوندەوە سروودی شۆڕشگێڕییان بڵاو کردووە و ئەمەگناسیی خۆیان بە ئامانجەکانی حیزبی دێموکرات دووپات کردەوە.

لە درێژەی چالاکییە تەبلیغییەکان بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژەوە، لە "مەریوان" و گوندەکانی دەوروبەری چالاکیی بەرینی تەبلیغی بەڕێوە چوو و ئەو یادە بە شکۆیەیان پڕشکۆ ڕاگرت.

لە "نۆدشە" پێشمەرگە نەسرەوتووەکانی دێموکرات، لە چالاکییەکدا بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژەوە ئاگریان هەڵ کردووە و بە بڵاوکردنەوەی یووبیلی ئەڵماسی هەورامانیان ڕووناک کردووەتەوە و خەڵک پێشوازییەکی گەرمیان لەو چالاکییە کردووە.

لە گوندی "تەنگیسەر" سەر بە ژاوەرۆی سنە تێکۆشەرانی دێموکرات چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و ڕێزیان لەو ڕۆژە پیرۆزە گرت.

هەروەها لە "بۆکان" ئەویندارانی ڕێگای ئازادی لە چالاکییەکی بێوێنەدا یادی ٢٥ی گەلاوێژیان بەرز ڕاگرت.