کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یوونیسێف: ٢٥٠ هەزار منداڵ لە جیهاندا کەڵئاژۆیان لێ دەکرێت

00:38 - 24 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی یوونیسێف لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا باسی لە چارەنووسی ٢٥٠ هەزار منداڵ لە جیهاندا کردووە، کە بە مەبەستی ئامانجی نیزامی و بەشی پشتیوانی شەڕەکاندا، وەکوو منداڵی سەرباز، خزمەتکار یان کۆیلەی جنسی کەڵکئاژۆیان لێ دەکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕێکخراوەیە، ئەگەرچی بەکارهێنانی منداڵان بۆ گەیشتن به ئامانجی نیزامی قەدەغەیە، بەڵام هێشتا دەیان هەزار منداڵی کچ و کوڕ لە سەرتاسەری دونیادا وەکوو سەرباز کاڵکئاژۆیان لێ دەکرێت.

 یوونیسف بە بۆنەی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بەکارهێنانی منداڵانی سەرباز، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕوو به هەموو دەوڵەتەکانی جیهان خوازیاری کۆتاییهێنان بەم ڕەوتە و پێشێلکردنی مافی منداڵان بووە.

کریستیان ئێشنایدر، بەڕێوەبەری یوونیسێف لە وڵاتی ئاڵمان وتوویەتی: "منداڵەکان سەرباز نین. ئەوان نابێت به هیچ شێوەیەک تووشی شەڕی گەورەساڵان بن".

لە ڕاپۆرتی یوونیسێفدا هاتووە: نزیک به ٢٠ وڵات یان ناوچە لە جیهاندا، لەگەڵ "توندترین شێوازی پێشێلکردنی مافی منداڵان"، بە واتای کەڵکئاژۆ وەرگرتن لە هێزی منداڵان وەکوو سەرباز، بۆ کوشتن، هێرشکردن بۆ سەر قوتابخانە و نەخۆشخانەکاندا تووشن.

بەپێی ئامارێک کە لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاو کراوەتەوە، کارکردنی منداڵان به مەبەستی بەرەوپێشبردنی ئامانجە نیزامییەکان لە ٥٠ ئەرتەش و گرووپی چەکداری دنیادا تۆمار کراوە.

یوونیسێف هەروەها باسی لە کەڵئاژۆی جنسی دژ به کچان و کوڕان کردووە و وتوویەتی: لە هەندێک کاتدا کچەکان ناچار به پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لەگەڵ نیزامییەکان دەکرێن.

بەپێی پرۆتۆکۆلی کۆنوانسیۆنی مافی منداڵان لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت به قەدەغەبوونی بەکارهێنانی منداڵان وەکوو سەرباز، کەڵکوەرگرتن لە منداڵانی خوار تەمەن ١٨ ساڵە لە شەڕ، سەربازگیری زۆرەملێ چ لە لایەن دەوڵەت و چ لە لایەن هێزە چەکدارە نادەوڵەتییەکانەوە قەدەغەیە؛ ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ٨٩دا پرۆتۆکۆلی دژایەتی لەگەڵ بەشداریی منداڵان لە شەڕی واژۆ کردووە، لەحاڵێکدا کە ٥ میلیۆن قوتابیی بەسیجی لە ئێراندا هەیە.