کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یۆکیا ئامانۆ: ڕێژیمی ئێران ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆمی زیاتر کردووە

11:43 - 21 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسی گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، باسی لە بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆمی لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامی ئێرانەوە کردووە، بەڵام ڕاینەگەیاندووە چ کاتێک بە ئاستی قەدەغەکراو دەگات.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٠ی  جۆزەردان، یۆکیا ئامانۆ، بەرپرسی گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، لە دوای بەشداریکردنی لە دانیشتنی شۆرای دادوەرەکانی ئەم ئاژانسە و پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێک لە بارەی ڕێژیمی ئێرانەوە، لە پرێسکۆنفڕانسێکدا باسی لەوە کرد، کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆمی زۆر کردووە.

ناوبراو لە وڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەواناندا لە بارەی چوار بەرانبەرکردنەوەی ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم ڕایگەیاند: "ئەمە دەبێت بگۆڕدرێت، بەڵام دەتوانم جەخت لەسەر زیادکردنەوەی پیتاندنی ئۆرانیۆمی ڕێژیمی ئێران بکەمەوە".

بەپێی ڕێککەوتننامەی بەرجام، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ناتوانێت زیاتر لە ٣٠٠ کیلۆگرەم ئۆرانیۆم بەرهەم بهێنێت و بەپێی ڕاپۆرتەکان ئەو ڕێژیمە لە مانگی گوڵاندا  بە بڕی ١٧٦.١ کیلۆگرەمی گەیاندووە.

یۆکیا ئامانۆ، لە بارەی ئەوەی کە کەی ڕێژیمی ئێران بە ئاستی دیاریکراو دەگات، وتوویەتی: ناکرێت پێشبینی بکرێت لە چ کاتێکدا بەو ئاستە دیاریکراوە دەگات".

دەوڵەتی ئامریکا ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو، کە ڕێژیمی ئێران پێبەندی ڕێککەوتننامەی بەرجام نەبووە و بەم هۆیەوە لەم ڕێککەوتنە کشایەوە و گەمارۆی نوێی بەسەر ئەم ڕێژیمە سەپاند.