کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٤ـیەمین فێستیڤاڵی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کۆتایی پێهات

18:04 - 26 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: ١٤ـیەمین فێستیڤاڵی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە دروشمی " پێشمەرگە شکۆی کوردبوونە" بەڕێوەچوو. مەبەستی فێستیڤاڵەکە فێرکردن و ڕاهێنانی پێشمەرگە بە چەکی هزری و نیزامی بوو و لە سێ بەشی سیاسی، نیزامی و وەرزشیدا بەڕێوە برا کە کێبڕکێ ناوەندی چالاکییەکان بوو.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٥ی سەرماوەزی ١٣٩٨ی هەتاوی، لەنێوئاخنی ڕێوڕەسمی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، کۆتاییهاتنی ١٤ـەیەمین فێستڤاڵی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش ڕاگەیەندرا و خەڵات بەسەر سەرکەوتووانی فیستیڤاڵەکە دابەش کرا.

ئەم فستیڤاڵە لە سەرەتای پاییزی ئەمساڵدا دەستی بە کارەکانی خۆی کرد و پاش پەسندکردنی گەڵاڵەی پێشنیاری هەیئەتی بەڕێوەبەری لەلایەن دەزگای فەرمانندەییەوە، بڕگە و بابەتەکانی فستیڤاڵ بە هەموو هێز و ئۆرگانەکانی سەر بە دەزگای فەرماندەیی پیشمەرگە ڕاگەیەندرا.

ئەم فێستیڤاڵە لە سێ بەشی سیاسی، نیزامی و ورزشیدا بەڕێوە چوو کە ماددە دەرسییەکانی بەشی سیاسی بریتی بوون لە:

بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی حیزب، مێژووی حیزب، ناسینی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، فێدراڵیزم، دێمۆکراسی، بەرابەری ژنان، وتارنووسی، شێعر و پەخشان، تێستی هووش.

بەشی نیزامی لە تیرهاوێژی و کردنەوە وهەڵخستنی چەکەکانی کڵاشنیکۆف، دەمانچە، بیکەیسی، قەناسە، ئەمنییەت، ڕەزمی ئینفیرادی، فەرماندەیی ، مودیرییەت و چەکناسی پێکهاتبوو.

هەروەها بەشی وەرزشی پێکهاتبوو لە شاخەوانی، فووتساڵ، والیباڵ، هەڵاتنی خێرا، شەترەنج، دامە و پینگ‌پۆنگ.

کێبڕکێی ئەم فێستیڤاڵە بە یاریی "فووتساڵ" و لە ١٤ی خەزەڵوەردا دەستێ پێکرد و بە وانەی "بەرابەریی ژنان" لە ٢٠ی سەرماوەزدا کۆتایی پێهات.

دوایین بڕگەی ڕێوڕەسمی کۆتایی هاتنی فێستیڤاڵی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە خەڵاتکردنی سەرکەوتووانی تاقیکارییە سیاسی، نیزامی و وەرزشییەکان کۆتایی پێهات.