کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەمەن: درێژە بە بەربەرەکانێ لەگەڵ ئێران و لقوپۆوەکانی دەدەین

12:48 - 31 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: حکوومەتی یەمەن ڕایگەیاندووە کە لە بەربەرەکانێ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران و میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمە بەردەوام دەبین.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٣٠ی جۆزەردان، "عەلی موحسێن ئەحمەر"، جێگری سەرکۆماری یەمەن، ڕایگەیاندووە: بە بڕیار و ئیرادەی خەڵکی یەمەن و پشتیوانیی وڵاتە دۆستەکانمان، هەتا سڕینەوەی ئاکارە ڕووخێنەرەکانی ڕێژیمی ئێران و بڕینەوەی پەنجەکانی لە باشووری شێوەدوورگەی عەرەبیدا بەردەوام دەبین و لە هەمبەر ئەوەی کە بیانەوێت یەمەن بکەنە سەکۆیەک بۆ هاویشتنی مووشەکەکانیان و هەڕەشە لە کەشتییە نێونەتەوەیییەکان بکەن، یان بیکەن بە بنکەیەک بۆ هەڵفڕینی پەهپادەکانیان ڕادەوستین."

بەپێی هەواڵی ئەلعەرەبییە، جێگری سەرکۆماری یەمەن، پاش ڕۆیشتن بۆ شاری مەئارب لە چاوپێکەوتن لەگەڵ وەزیری بەرگری و فەرماندەکانی دوو ناوچەی سەربازیی سێهەم و حەوتەم، ئەم قسانەی کردووە.

لەم چاوپێکەوتنەدا، هەروەها سەرلەشکەر "حەمدان بن حموودەلشەمری"، فەرماندەی هێزە هاوپەیمانە عەرەبییە پشتیوانەکان لە دەوڵەتی یاسایی یەمەنیش بەشدار بووە.

"عەلی موحسێن ئەحمەر"، لە دیداری خۆی لەگەڵ وەزیری بەرگری و چەند کەسێک لە فەرماندە سەربازییەکانی یەمەن و هاوپەیمانەتیی عەرەبی، ئاماژەی بە دوایین ئاژاوەگێڕییەکانی میلیشیا حووسییەکان کردووە کە بە هاوئاهەنگی و پشتیوانیی بەردەوامی ڕێژیمی ئێران خەریکی تێکدانی ئەمنییەت و سەقامگیریی ناوچەکەن.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە کە دەوڵەتی یەمەن لە ٦ هەرێم پێک هاتووە کە لە کۆنفڕانسی وتووێژی نیشتمانیدا بە کۆ ئەم شتە پەسەند کراوە و تەنیا ڕێگایەکە بۆ ئەمنییەتی یەمەن و هەر کەسێک لە بیری شتێکی دیکەدا بێت لە هەڵەدایە و لە پێناوی گەڵاڵە و پیلانەکانی ڕێژیمی ئێراندا هەنگاو هەڵ دەگرێت.

شەڕی نێوخۆیی یەمەن لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە، لە نێوان دەوڵەتی یاسایی یەمەن و میلیشیا حووسییەکان دەستی پێ کردووە و میلیشیا حووسییەکان کە دەیانەوێت لە ڕێگای شەڕ و ئاژاوەوە دەسەڵات و حکوومەتی یەمەن بەدەستەوە بگرن، لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانییان لێ دەکرێت و نزیک بە ٦ ساڵە ئەو وڵاتە بە هۆی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران، لە نێوان شەڕێکی خوێناویدا دەست و پێ لێ دەدات.