کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەمەن، لە بەختەوەرییەوە بۆ هەژاری!

23:56 - 4 گەلاوێژ 2722

سندووس

کۆماری ئاخوندی لە ماوەی تەمەنی ڕەشی خۆیدا سەلماندوویەتی کە دەستی ئاژاوەی بخاتە هەر وڵاتێکەوە ئاوارەیی، کوشتوکوشتار، ئاژاوە و بەدبەختی، کارا دەبێ و غەریزەی مەرگ باڵ بەسەر گشت دیاردەکانی ژیاندا دەکێشێ و ئیتر ئاسوودەیی، خۆشبژێوی، خۆشەویستی، گەشەی هەمەلایەنە کۆچ دەکەن و ئەوەی دەمێنێتەوە شەڕ، وێرانی و ڕقی قووڵی تاکەکانە سەبارەت بە یەک. یەمەن یەکێک لەم وڵاتانەیە.

تا بەر لەوەی دەستی کۆماری ئاخوندی بگاتە وڵاتی "یەمەن"، ئەم وڵاتە ناسناوی "سەعید"، واتە بەختەوەری هەبوو. وڵاتێکی شاد، بە سامانێکی زۆری نەوت و هەڵکەوتوو لە شوێنێکی ستڕاتیژیکی بازرگانی؛ ئێستا بووە بە یەکێک لە هەژارترین وڵاتانی جیهان.

یەک "دەیە" بەسەر دەستێوەردانی کۆماری ئاخوندی بەسەر یەمەندا تێدەپەڕێ، ئێستا با بزانین کۆماری ئاخوندی چۆن توانی ئەو هەموو وێرانی و برسییەتییە بۆ ئەم وڵاتە بەدیاری بنێرێ؟

کۆماری ئاخوندی لە ساڵی ١٩٨٦ی زایینییەوە پڕۆژە زێدەخوازییەکانی لەژێر ناوی هەناردەکردنی شۆڕش بۆ یەمەن دەست پێکرد. لەم ساڵەدا چەندین ڕێکخراوی مەزهەبی و سیاسی لە ژێر ڕێبەرایەتی ئاخوندێکی "زەیدی" لە فیرقەی "جارودییە"دا بەناوی "بەدرەدین حوسی" دامەزراند؛ بەڵام وەک خۆی هیچکات سەرکەوتنی وەدەست نەهێنا، یەمەنی جێهێشت و لە "قوم"، نیشتەجێ ‌بوو.

یەمەنییەکان لایان وایە کە بەدرەدین حوسی لە مەزهەبی زەیدی لای داوە و لە کاتی نیشتەجێبوونی لە "قوم"، لە ڕێگەی پارەوە کەوتووەتە ژێر کاریگەرێتی ویلایەتی فەقیهەوە. ساڵی ٢٠٠٤ حوسییەکان بە ڕێبەری "حوسێن حوسی" یەکێک لە کوڕەکانی بەدرەدین، هەوڵی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتیان دا و ویستیان "عەلی عەبدوڵڵا ساڵح"، لە دەسەڵات دوور بخەنەوە.

تەواوی چەکوچۆڵەکانی پێویست بۆ حوسییەکان لە لایەن ئاخوندەکانەوە دابین دەکرا، حوسییەکان بە پەیڕەوی لە ئاخوندەکان، شەش جار لەگەڵ حکومەتی یەمەن تووشی شەڕ و پێکدادان هاتن کە بە شەڕەکانی "سەعدە"، بەناوبانگن. لەم شەڕانەدا حووسییەکان شکستیان خوارد و تا کێوەکانی "سەعدە" لە سنووری عەرەبستان و یەمەن ڕاوەدوونران.

 

ساڵی ٢٠١١ لە یەمەن ئاگری شۆڕش هەڵگیرسا، شۆڕشێک کە بە هاوکاریی هێز و ڕێکخراوە سیاسییەکان و بەمەبەستی ئازادی و لەناوبردنی دەسەڵاتی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح هاتە ئاراوە. دەسەڵاتدارانی ئاخوندی لەم هەلە کەڵکیان وەرگرت و بە پشتیوانی سیاسی و ماڵی لە "عەبدولمالیک حوسی"، کوڕە چووکەی بەدرەدین، ویستیان حوسییەکان بە دەسەڵات بگەیەنن.

پشتیوانیی هەمەلایەنەی کۆماری ئاخوندی بوو بە هۆکارێکی سەرەکی تا حوسییەکان شۆڕشی یەمەن بەلاڕێدا بەرن. دوای دەست لەکار کێشانەوەی عەلی عەبدوڵا ساڵح، لە هەڵبژاردنێکی ئازاددا "عەبدوڵڕەبی مەنسوور هادی"، وەک سەرکۆمار هەڵبژێردرا، بەڵام حوسییەکان لە کۆنفڕانسی وتووێژی نەتەوەیی هاتنەدەر و لە واژۆی سەنەدی وتووێژەکان کە گشت حیزبەکانی یەمەن تێیدا بەشدار بوون، خۆیان بوارد، نیزیکەی دووساڵ یەمەن ئارامی بەخۆوەبینی، ساڵی ٢٠١٤ حوسییەکان هێرشیان کردە سەر "سەنعا"ی پێتەخت و لە ڕێگەی پشتیوانی ئێرانەوە توانیان کۆنتڕۆڵی نیهادە دەوڵەتییەکان بکەن.

بەم شێوەیە ڕەوەندی وتووێژەکان کۆتایی پێهات و حوسییەکانی سەر بەکۆماری ئاخوندی توانییان خۆیان بسەپێنن و له‌ملاشەوە سپای تێرۆریستی پاسداران چه‌كی نیوەقورس، قورس و تەنانەت مووشەکی بالستیک و دڕۆنیان دایە دەست حوسییەکان و ٢٥ کاناڵی ماهوارەیی و دەیان ڕۆژنامە و تۆڕی مەجازییان بۆ پەرەپێدانی ئایدیۆلۆژی وەلی فەقیە دامەزراند و دەست بەکار بوون.

‌ئێستا بە تەواوی و بۆ گشت لایەک دەرکەوتووە کە تێچووەکانی ئەو هەموو شەڕ و ماڵوێرانییە لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی ئاخوندییە. هەروەها ئاخوندەکان لە دەیان و بگرە سەدان و هەزاران ناوەندی مەزهەبی پشتیوانی دەکەن و نیزیکەی ۵ هەزار ناوەند بۆ هەڵسووڕاندن و تێکۆشانی کاروباری شیعەگەرایی دامەزراندووە، لەو کاتەوە سەنعا کەوتووەتە دەست حوسییەکانەوە ٣٥ هەزار منداڵیان کێشاوەتە نێو پێکهاتەی نیزامی خۆیانەوە کە ٢٠ لەسەدی ئەم منداڵانە لە ژێر ١١ ساڵیدان و لە بنەماڵەگەلی هەژارن. تا ئێستا کۆماری ئاخوندی زیاتر لە ١٦ میلیارد دۆلاری بۆ ماڵوێرانی یەمەنییەکان و شەڕانگێزی حوسییەکان سەرف کردووە.

یەمەن ئێستا بووەتە سەکۆی مووشەکەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران و دڕۆنە شێتە سەربزێوەکانی و هەڕەشە لە وڵاتانی لێواری کەنداو و عەرەبستان دەکات. تا ئێستا بە چەندین جار هێرش کراوەتە سەر دامەزراوەی نەوتی ئارامکۆ لە عەرەبستان و بە مووشەکی بالستیکیش هێرش کراوەتە سەر ئەماراتی یەکگرتووی عەرەبی.

هەرئێستا دوو لەسەر سێی حەشیمەتی ئەم وڵاتە لە لێواری برسییەتیدان، ١٣ لەسەدی حەشیمەتی یەمەن ئاوارە بوون، ٦٥ لەسەدی خەڵکی ئەم وڵاتە نەخوێندەوارن، یەمەنی "بەختەوەر"، ئێستا لە پلەی دووهەمی وڵاتە مەترسیدارەکانی جیهاندایە و هەژاری و مەرگ باڵی بەسەر وڵاتی بەختەوەراندا کێشاوە.