کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەكڕیزی و هاوکاریی خەڵک لە کوردستان بۆ شکستهێنانی کۆرۆنا بەردەوامە

11:16 - 20 رەشەمه 2719

خەڵکی کوردستان لە شار و گوندەکان بە شێوەی جیاواز بۆ پێشگیری لە کۆرۆنا چالاکی ئەنجام دەدەن و شوێنە گشتییەکان بە دەرمانی دژەگەند دەپڕژێنن.

لە پیرانشار کۆڵان و شەقامی گەڕەکەکانی "دۆڵی قسقەپان، کۆنەخان، ساحیلی، بازاڕی میوە فرۆشان، پارکی منداڵ، شەقامی ٢٤ میتری،  فەلەکەی محەممەد ئەوراز و گەڕەکی خەیام" بە دەرمانی دژەگەند پڕژاون.

ئەو هەڵمەتە وەکوو ئەرک و بۆ پاراستنی سڵامەتیی ژیانی هاووڵاتییانی پیرانشار لەلایەن ڕێکخراوی ژینگەپارێزانەوە بەڕێوە چووه.

هەروەها بەشێک لە هاووڵاتییان لە شارەکانی وەک: "مەهاباد، مەریوان، سایین‌قەڵا، سەردەشت" و چەند شاری دیکە خەڵک لەسەر تێچووی خۆیان دەمامک و دەستەوانیان دروست کردووە و لەنێو خەڵکدا بڵاویان کردووەتەوە.

ئەنجومەنی "پاژینـ"ـی بانە لە هەڵمەتێکی خۆڕسکدا دەستیان کردووە بە بڵاوکردنەوەی کەرەستە تەندروستییەکان لەنێو هاووڵاتییاندا.

هەروەها ئەندامانی ئەنجومەنی پاژینی بانە بە دانانی ژمارە تەلەفۆنی ئەو ئەنجومەنە، داوایان لە هاووڵاتییان کردووە کە بە ناردنی پارە یارمەتییان بدەن بۆ کڕینی کەرەستە بێهداشتییەکان و بڵاوکردەنەوەیان لەنێو هاووڵاتییانی کەمداهاتی خەڵکی ئەو شارە.

لەلایەکی دیکەوە، ژمارەیەک  لە لاوانی پاوە، لەسەر تێچووی خۆیان دەستیان کردووە بە خاوێنکردنەوەی شوێنە گشتییەکانی ئەو شاره.

هەروەها دانیشتووانی گوندەکانی "لون و کاشتر"ی کامیاران، بە هاوکاریی دانیشتووانی ئەو گوندانە، دەستیان کردووە بە خاوێنکردنەوە و دژەگەنکردنی ئەو دوو گوندە.

هەروەها لە گوندەکانی "کەماڵە، دەری و قەڵاگا، سەر بە شارەکانی مەریوان و هەورامان و شاری سەوڵاوا"، هاووڵاتییان دەستیان کردووە بە دژەگەنکردنی ئەو گوندانە و شارەکە.

لەو پێوەندییەدا خاوەنی پاساژی "خۆرشید زرێوار"ی مەریوان، بە دووکاندارانی ئەو پاساژەی ڕاگەیاندووە، بەهۆی کەمیی داهاتی دووکانداران بەهۆی بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کرێی دووکانەکانی ئەم مانگە لە دووکاندارانی ئەو پاساژە وەرناگرێت.

لە شنۆ ئەندامانی ژینگەپارێزیی "ژینکۆ" بە هاوکاریی خەڵک شەقام و شوێنە گشتییەکانیان بە دەرمانی دژەگەند پڕژاندووە.

لە قەیرانەکاندا کە ڕێژیمی ئێران بە هانای خەڵکەوە ناچێت، هاووڵاتییان لە کوردستان یەکڕیز و هاودەنگ بە هانای یەکترەوە دەچن.