کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەک ملیۆن و ٢٠٤ هەزار بێکار لە ئێران بڕوانامەی زانکۆیان هەیە

18:11 - 5 جۆزەردان 2720

ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاندووە، لە کۆی دوو ملیۆن و ٨٩٣ هەزار بێکاری فەرمی لە ئێران، یەک ملیۆن و ٢٠٤ هەزار کەسیان خاوەنی بڕوانامەی باڵای زانکۆکانن.

لە نێوان نزیک بە ١.٣ ملیۆن خوێندەواری بێکار، دەرچووانی بەشی ئەندازیاری بە ٣٠١ هەزار بێکارەوە لە پلەی یەکمدایە و بەشی کاروباری ئیداری بە ٢٦٦ هەزار کەس بێکار و بەشی مێعماری بە ١٦٣ هەزار بێکار، لە پلەکانی دیکدا دێن.

ئامارەکانی خودی ڕێژیم دەریدەخەن کە زیاتر لە ٤٠ لەسەدی دەرچووانی زانکۆکان بێکارن کە ئەگەر چارەسەریی جیددی بۆ ئەم کێشەیە نەدوزرێتەوە، کێشەگەلی زیاتر و مەترسیدارتر بەرۆکی خەڵکی بێکار دەگرێت.

ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران لە حەسێبکردنی نرخی بێکاریی فەرمی، هەموو خوێندکار و قوتابییەکان، ئەو کەسانەی کە بێ وەرگرتنی مووچە لە ماڵەوە کار دەکەن و هەروەها ئەو کەسانەش کە تەنیا بۆ یەک کاتژمێر لە حەفتەیەکدا کار بکەن وەکوو کەسانی خاوەن کار دێنێتە ئەژمار.

هەموو ئامارە فەرمییە بڵاوکراوەکان لەلایەن ئەم ناوەندەی ڕێژیمەوە ناڕاستن و بە هیچ شێوازێک جێی باوەڕ نین.

بەرزبوونەوەی نرخی بێکاری و ڕێژەی بێکاران ئێستاکە یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی کۆمەڵگای ئێران کە جۆرەکانی خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی وەک سواڵکەری، دزی کردن و خۆکوژیی لێکەوتووەتەوە.