کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار شوغڵ لە ساڵی ڕابردووە لە ئێران لەنێو چووە

18:57 - 6 خەرمانان 2720

هەر چەند بەپێی ئاماری فەرمیی ڕێژیم، نرخی بێکاری لە بەهاری ئەمساڵدا ١.١ لەسەد دابەزیوە، هەواڵدەریی ''ئیلنا'' لە ڕاپۆرتیکدا بڵاوی کردووەتەوە، لە ئێراندا لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردووە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار شوغڵ لەنێو چووە.

ئەم هەواڵدەرییە بڵاوی کردووەتەوە لەم دەورە زەمانییەدا کە ناوەندی ئاماری ڕێژیم ئێران ئیدعای ئەوەی کردووە نرخی بێکاری لە بەهاری ئەمساڵدا ١.١ لەسەد دابەزیوە، ڕێژەی ئەو کەسانەی کە کاریان هەبووە ٢٢ ملیۆن و ٩٦٢ هەزار و ٦٤٧ کەس بووە، لە حاڵێکدا ئەم ژمارەیە لە ساڵی ڕابردوودا ٢٤ ملیۆن و ٤٦١ هەزار و ٩٢٩ بووە.

بەم پێیە، ئەگەر لەو مەودایەدا حەشیمەتی چالاکی ئێران بەرز نەبووبێتەوە، زیاترلە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار شوغڵ لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردووە لە ئێران لەنێو چووە.

لەم پەیوەندییەدا، جێگری وەزیری نێوخۆی ئێران، وتبووی کە بەهۆی تەشەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ٣ ملیۆن شوغڵ لە ئێران لەنێو دەچێت.

جگە لە هۆکاری کۆرۆنا، بە باوەڕی کارناسان گەمارۆ ئابوورییەکانی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، پشتیوانی نەکردن لە کارخانە و یەکە پیشەییەکان لەلایەن دەوڵەتەوە، بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمەکان لە هۆکارە سەرەکییەکانی دروستبوونی قەیرانی ئابووری و نەمانی هەلی کار لە ئێران دێنە ئەژمار.