کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەک ملیۆن کەس لە حەشیمەتی ئێران نەخۆشیی "ئالزایمێر"یان هەیە

12:41 - 2 رێبەندان 2721

یەک ملیۆن کەس لە حەشیمەتی ئێران نەخۆشی "ئالزایمێر"یان هەیە و هاوکات لەگەڵ چوونەسەرەوەی تەمەنی بە ساڵاچوویی ڕێژەی تووشبووان بەو نەخۆشییە زیاتر دەبێ.

 "مەعسوومە ساڵحی" بەڕێوبەری ئەنجومەنی "دێمانس و ئالزایمێر"ـی ئێران وتوویەتی، ڕێژەی چوونەسەرەوەی حەشیمەت لە ئێراندا، لە حاڵی زیادبووندایە و نەخۆشیی "ئالزایمێر" نەخۆشییەکی دەورەی بەساڵاچووییە  و لەباری کۆمەڵایەتی، ئابووری و ڕەوانی کاریگەریی زۆری لەسەر بنەماڵە هەیە.

نەخۆشیی "ئالزایمێر"  لە ١٠ بۆ ١٥ لەسەد لە ڕێی "ژێنـ"ـەکانەوە دەگوازرێتەوە بەڵام بە پێشگرتن لە دەورەی لاوییەوە دەتواندرێ لە تووشبوون بەو نەخۆشییە ڕێگری بکرێ.

دوایین لێکۆڵینەوەکانی ئەنجومەنی جیهانیی "ئالزایمێر" دەریخستووە کە پێشگیری لە دەورەی منداڵییەوە تا دەورەی پیری دەتوانێ ٤٠ لەسەد لە تووشبوون بە نەخۆشییەکە کەم بکاتەوە.

لێکۆلینەوەکان سەلماندوویانە کە لە جیهاندا ٥٢ بۆ ٥٣ ملیۆن کەس نەخۆشیی "ئالزایمێر"یان هەیە و تا ساڵی ٢٠٥٠ ئەو ڕێژەیە بۆ ١٥٥ ملیۆن کەس بەرز دەبێتەوە.

لە ئێستادا ١ملیۆن کەس لە ئێراندا تووشی نەخۆشیی "ئالزایمێر"ن و لەگەڵ چوونەسەرەوەی تەمەنی بەساڵاچوویی، ڕێژەی تووشبوون بەو نەخۆشییەش زیاد دەکات.