کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکشەممەیەکی ڕەشی تر بۆ کرماشان

11:49 - 17 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: لە یەکشەممەیەکی دیکەدا پارێزگای کرماشان دووبارە هەژا و زامە ساڕێژنەبووەکانی ڕابردووی زیندوو کردەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٦ی بەفرانبار، بوومەلەرزەیەک بە گەورەیی ٥/٩ ڕیشتێر، کاتژمێر ٥ و ١١ خولەکی ئێوارە، بە قووڵایی ١٠ کیلۆمێتر لە مەودای ٢٤ کیلۆمێتری شاری گێڵان، ٣١ کیلۆمێتری سومار و ٣٨ کیلۆمێتری سەرپێڵی زەهاو ڕووی دا.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لانیکەم ٧٥ کەس لەم رووداوەدا بریندار بوون و خەڵک بە ناچاری لە شەقامەکاندا ڕۆژیان کردەوە.

پێشتر لە ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی خەزەڵوەری ٩٦ بوومەلەرزەی ٧/٣ ریشتێر بووە هۆی گیان لەدەستدانی سەدان کەس و ئاوارە و ماڵوێران بوونی هەزاران کەسی دیکە، دواتر لە ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی پووشپەڕی ٩٧ بوومەلەرزەیەکی ٥/٩ ریشتێری، یەکشەممە ٤ی خەرمانانی ٩٧، بوومەلەرزەیەکی ٦/٢ ڕیشتێری، یەکشەممە ٤ی سەرماوەزی ٩٧، بومەلەرزەی ٦/٤ ڕیشتێری و ئەمجارەش یەکشەممە ١٦ی بەفرانبار بوومەلەرزەی ٥/٩ ڕیشتێری زامە ناسۆرەکانی بوومەلەرزەلێدراوان کولایەوە.

بەوتەی چالاکانی مەدەنی لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان، پاش ئەم بوومەلەرزە هەم ئاوی ئەو ناوچانە لێڵ بووە و کەڵکی خواردنی نەماوە هەم بەشێک لە تۆڕی کارەباکەشیان پچڕاوە.

دوکتور فازڵ ئەلیاسی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی کۆمەڵناسانی ئێرانیش سەبارەت بە ئاسەوارەکانی بوومەلەرزە و لە نووسراوەیەکی ڕەخنەئامێزدا باسی لەوە کردووە کە هەموو کات دەبێ چاوەڕێی خەساری نوێ لە ئەنجامی کەمتەرخەمییەکان بین؛ ئەو بینایانەی کە پاش بوومەلەرزەکان درووست کران ئەوەندە ناستاندارد درووست کراون کە دەبێ بەردەوام شاهێدی چوونەوەی لێقەوماوان بۆ نێو کەمپەکان بین.

وتوویشیەتی: فۆبیا و ترسێک کە لە ئەنجامی بوومەلەرزەکان لە ناخی هاووڵاتییانی ئەم ناوچانە درووست بووە بە هیچ کەسێک پێناسە ناکرێت. ڕۆح و دەروونی لێقەوماوان لە خانووە کاولبووەکانیان زیاتر ورد بووە و تێکشکاوە.